بەربەستەکانی بەردەم یەکخستنی لیواکانی پێشمەرگە چارەسەر دەکرێن
هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- سەرلەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە، ڕێکەوتی ٢٥ی ئەیلوولی ٢٠٢٢، ئاوات جەناب نووری، وەزیری دارایی و ئابووری لە دیوانی وەزارەت، لەگەڵ هەریەک لە شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە و دکتۆر ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران و دکتۆر عەبدولحەکیم خەسرەو، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەداواداچوون کۆبووەوە.
لەمیانی کۆبوونەوەکەدا پرسی چارەسەرکردنی بەربەستەکانی بەردەم یەکخستنی لیواکانی وەزارەتی پێشمەرگە تاووتوێ کرا.
لەو کۆبوونەوەیەدا هەریەکە لە سەربەست لەزگین، بریکاری وەزیری پێشمەرگە و ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە لیوا روکن بەختیار محمد، ئامادەی بوون.
کێشەی کەمیی پێشینەی مانگانە و گواستنەوەی هەژماری ئەو هێزانە لە هێزەکانی یەکەی ٧٠ و ٨٠وە بۆ سەر هەژماری وەزارەتی پێشمەرگە باسکرا.
هەروەها جهختیان لە تەرخانکردنی بودجەی پێویست بۆ لیوا ڕێکخراوەکانی ناو وەزارەتی پێشمەرگە کردەوە.
وەزیری دارایی و ئابووری بەڵێنی ئەوەی دا کە وەزارەتی دارایی و ئابووری، پاڵپشتییهكی گەورەی یەکخستنی لیواکانی وەزارەتی پێشمەرگەیە.
لە کۆتاییدا ئامادەبووان کۆدەنگیی ئەوەیان پیشاندا کە بە هەموو لایەکەوە کار لەسەر یەکخستنی ئەو لیوایانە دەکەن و سەرجەم بەربەستەکان وهلادەنێن.