ڕوونکردنەوەیەک لە وەزارەتی داراییەوە لەبارەی سستی دابەشکردنی مووچە لە سلێمانی
لە چەند پەیج و دەزگایەکی ڕاگەیاندن، چەند هەواڵێک سەبارەت بە سستی دابەشکردنی مووچەی چەند وەزارەتێک لە سلێمانی بڵاوکراوەتەوە کە هۆکارەکەیان بۆ ئەوە گەڕاندۆتەوە، وەزارەتی دارایی پارەی پێویستی بۆ مووچە نەناردووە، بۆیە بە پێویستمانزانی ئەم ڕوونکردنەوەیە بۆ ڕای گشتی بخەینەڕوو:
هاوشێوەی مانگەکانی ڕابردوو پارەی پێویست بۆ مووچەخۆرانی سلێمانی لەلایەن وەزارەتی داراییەوە نێردراوە بە چەند سلفەیەک کە کۆی گشتی ٢٨٩ ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دینار بووە کە دەکاتە زیاتر لە ٨٠٪ـی تێکڕای مووچەی مووچەخۆرانی ئەو سنوورە.
کۆی گشتی پارەی پێویست بۆ مووچە لە سنووری پارێزگای سلێمانی ٣٦٢ ملیار و ٣٠٠ ملیۆن دینارە، ئەو کورتهێنانەی دروستدەبێت لە داهاتی ناوخۆ پڕدەکرێتەوە هاوشێوەی پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک.
وەک پێشتریش بڵاومانکردەوە ڕێکەوتن لەسەر پشکی (٥٧ ٪) و (٤٣ ٪) وەزارەتی دارایی لێی بەرپرسیار نییە و زۆر دژیەتی، کە پێشتر بۆ دابەشکردنی داهاتی نەوت ڕێکەوتنی لەسەر کراوە.
کێشەی کورتهێنان و کەمبوونەوەی نەختینە لە بانکەکانی سلێمانی نوێ نییە، لە ساڵی ٢٠٢١ـەوە دەستیپێکردووە، کورتهێنانیش لە بانکەکانی سلێمانی گەیشتە تریلیۆنێک دینار.
وەزیری دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەموو هەوڵ و توانای خۆی بۆ چارەسەرکردنی کێشە و گرفتە داراییەکانی سلێمانی و هەرێمی کوردستان خستووەتەگەڕ، بەمەش مانگی پێشووتر بڕی ٣٤ ملیار دینار زیاتر لە پشکی سلێمانی لە وەزارەتی داراییەوە ڕەوانەی بانکەکانی سلێمانی کراوە و لە مانگەکانی کۆتایی ساڵی ڕابردووش، جارێکی دیکە بڕی ٢٩ ملیار دینار لە دەرەوەی پشکی سلێمانی بۆ بانکەکانی سلێمانی نێردراوە.
لەکۆتاییدا پێویستە بگوترێت کێشەی سلێمانی هەندێک کێشەی بابەتی و خۆییە کە دەکرێت بۆ چەند خاڵێک کورتبکرێنەوە:
کەمبونەوەی داهاتی ناوخۆیی پارێزگاکە. ڕێکەوتنی دابەشکردنی داهات بەڕێژەی لە (٤٣ ٪) بە (٥٧ ٪).
نەمانی پارەی کاش (سیولە لە بانکەکان).
راگەیاندنی وەزارەتی دارایی و ئابووری
١٩ـی نیسانی ٢٠٢٣