ڕوونکردنەوەی وەزارەتی دارایی لەبارەی ناردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان
ماوەی چەند ڕۆژێکە لە چەند کەناڵ و دەزگایەکی ڕاگەیاندن هەواڵێک لە زاری سەرچاوەیەکی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان بڵاوکراوەتەوە کە وەزارەتی دارایی عێراق پێشنیاری ناردنی ٥٩٨ ملیار دیناری وەک قەرز بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان کردووە، بەڵام حکومەت ڕەتیکردووەتەوە ئەو بڕە پارەیە وەربگرێت.
بۆ ڕای گشتی و سەرجەم میدیاکانی ڕووندەکەینەوە:
١- ئێمە لە وەزارەتی دارایی بەرپرس نین لە هیچ زانیاری و لێدوانێک بەناوی سەرچاوەی نادیار بڵاو بکرێتەوە، هەر لێدوان و زانیارییەک لە پەیجی فەرمی خۆمان بڵاو نەکرێتەوە جێی متمانە و باوەڕ نییە.
٢- بە هیچ جۆرێک لەلایەن تیمی تەکنیکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانەوە ئاگادار نەکراوینەتەوە لە بوونی پێشنیارێکی لەو جۆرە تاکوو ڕەتکرابێتەوە.
٣-وەک وەزارەتی دارایی پابەندی خۆمان بە جێبەجێکردنی سەرجەم ماددە و بڕگەکانی یاسای گشتیی بودجەی عێراق دووپات دەکەینەوە و هیوادارین حکومەتی عێراقیش یاساکە وەک خۆی جێبەجێ بکات.
٤- هەرکات بڕیاری ناردنی هەر بڕە پارەیەک لە عێراقەوە بۆ هەرێمی کوردستان درا و خرایە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتمان، بەشێوەیەکی فەرمی ڕایدەگەیەنین وەک چۆن پێشتر ڕامانگەیاندووە.