ئاوات جەناب نووری: دەرگای وەزارەت و بەڕێوبەرایەتیەکانمان کراوەیە بۆ وردبینی لە داتا و زانیارییەکان
وەزیری دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە شاندێكی باڵای دیوانی چاودێری دارایی حکومەتی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان کرد و ڕایگەیاند بەردەوام دەرگای وەزارەتمان کراوەیە بۆ وردبینی لە داتاو زانیاریەکان.
ڕۆژی سێشەممە ٨ی ئابی ٢٠٢٣، ئاوات جەناب نووری، وەزیری دارایی و ئابووری پێشوازی لە شاندێکی باڵای دیوانی چاودێری دارایی حکومەتی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان کرد.
شاندەکە پێکهاتبوون لە د.حەیدەر یوسف، بەڕێوەبەری گشتی و عەلی خزەیر، جێگری بەڕێوەبەری گشتی لە دیوانی چاودێری دارایی حکومەتی فیدراڵی و فەریق سڵێمان هەرنی، بەڕێوەبەری گشتی لە دیوانی چاودێری دارایی هەرێم.
لە دیدارێکدا وەزیری دارایی و ئابووری، خۆشحاڵی خۆی بەو پەیوەندی و هەماهەنگییە دەربڕی کە ماوەی دوو ساڵە لە نێوان دیوانی چاودێری دارایی حکومەتی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان هەیە و ڕایگەیاند:'' دەرگای وەزارەت و دامودەزگاکانمان کراوەیە بەڕووی تیمەکانی چاودێری دارایی بۆ وردبینی و بەدواداچوونی هەر داتا و زانیاریەک لەسەر ئەو ڕاپۆرتانەی لەلایەن تیمەکانی هەرێمی کوردستانەوە پێشکەش کراون .''
لای خۆشیانەوە شاندی دیوانی چاودێری دارایی حکومەتی فیدراڵ، سوپاسی وەزیری داراییان کرد کە سەرجەم بەڕێوبەرایەتییەکانی ڕاسپاردووە هاوکار و هەماهەنگی تیمەکان بن بۆ وردبینی لە داتاو زانیاریەکان، ڕاشیانگەیاند بەچەند تیمێکی جیاواز سەرقاڵی کۆبونەوە و سەردانی مەیدانین لە دامودەزگاکانی وەزارەتی دارایی و وەزارەتەکانی تری حکومەتی هەرێم لە نزیکترین کاتدا ڕاپۆرتەکانی خۆیان ئامادە دەکەن و ئاڕاستەی سەرو خۆیانی دەکەن.
ماوەی چەند ڕۆژێکە تیمێکی باڵای دیوانی چاودێری دارایی حکومەتی فیدراڵی لە هەرێمی کوردستانن و چەندین کۆبونەوەیان لە گەڵ بەڕێوبەرایەتی گشتی ژمێرکاری و گومرگ و باج و بودجە و چەندین بەڕێوبەرایەتی و وەزارەتی حکومەتی هەرێم ئەنجامداوە و بڕیارە لە ڕۆژانی داهاتوشدا سەردانی چەندین بەڕێوبەرایەتی تری سەر بەوەزارەتی دارایی و دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێم بکەن.