ڕاگەیەنراوێک لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمەوە لەبارەى ئەو پارەیەی حکومەتی فیدراڵ ناردوویەتی
دواینیوەڕۆی ڕۆژی چوارشەممە، ٢ى ئابی ٢٠٢٣، بڕی ٥٩٨ ملیار دینار لە لایەن وەزارەتی داراییی عێراقەوە، خرایە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، ٣ى ئابی ٢٠٢٣، لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراقەوە، پارەکە ڕادەستی وەزارەتی داراییی هەرێم کرا و بە مەبەستی دابەشکردنی مووچە، ڕەوانەى بانکەکان دەکرێت.
لە کاتێکدا هەرێمی کوردستان مانگانە تەنیا بۆ مووچە پێویستیی بە زیاتر لە ٩٤٠ ملیار دینارە، ئەوە جگە لە خەرجیی بەکاردبردن و دامودەزگاکان و بودجەی وەبەرهێنان و تێچووی بەرهەمهێنانی کارەبا، بۆ هەموو لایەکی ڕوون دەکەینەوە کە حکومەتی عێراقی فیدراڵ و وەزارەتی داراییی عێراق بە هیچ جۆرێک بە ڕێککەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا و جێبەجێکردنی یاسای بودجەی عێراقەوە پابەند نەبوون.
ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بە پێی یاسای بوجە، مانگانە زیاتر لە ١ ترلیۆن و ٣٧٤ ملیار دینارە، تەنیا بۆ مووچەی فەرمانبەران و خانەنشیان و پێشمەرگە، مانگانە ٩٠٦ ملیار دینار لە یاساکە تەرخان کراوە.
بەپێی ڕێککەوتنی کردارییش کە لە ئێستادا وەزارەتی داراییی عێراق لەسەر بنەمای تێکڕای خەرجیی مانگانە کاری پێ دەکات، پێویست بوو ١ ترلیۆن و ١٧٤ ملیار دینار بۆ هەرێمی کوردستان ڕەوانە بکات، ئەو بڕە پارەیەی نێردراوە، پێچەوانەی یاسای بودجە و هەموو ئەو ڕێککەوتننانەیە کە لە نێوان هەردوو لا کراوە.