Skip to the content

قایمقامی کفری؛ وەزیری دارایی هاوکارو پشتیوانێکی گەورەی جێبەجێکردنی داواکارییەکانی شارەکەیە

ڕۆژی دووشەممە ٤ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣، ئاوات جەناب نوری، وەزیری دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە قایمقامی نوێی قەزای کفری و شاندێکی یاوەری کرد .
 
لە دیدارێکدا وەزیری دارایی ڕایگەیاند لەچوارچێوەی ئەو بەڵێنانەی لەلایەن سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و جێگری سەرۆک وەزیران و وەزارەتە پەیوەندیدارەکانەوە بەخەڵکی کفری دراوە، هەنگاو بەهانگاو دەست بە جێبەجێکردنی داواکاریەکانی قەزای کفری کردووە و لەماوەی ڕابردودا هەر داواکاریەکی قەزاکە هاتبێتە وەزارەت و لە چوارچێوەی دەسەڵاتی ئەواندا بوبێت ڕەزامەندیان لەسەر داوە و بۆ لەمەودواش بەپێی گونجاوی بارودۆخەکە بەهەماهەنگی لەگەڵ ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتە پەیوەندیدارەکان هاوکار دەبن بۆ ئەوەی خزمەتی زیاتری شارەکە بکرێت.
 
لەلایەن خۆشیەوە ساهیر عەلی جاسم، قایمقامی نوێی قەزای کفری و سوپاس و پێزانینی خۆیان ئاڕاستەی وەزیری دارایی کرد کە لە ماوەی چوارساڵی ڕابردودا هەرچی لەتوانایدا بوبێت بۆ خزمەتی شاری کفری درێغی نەکردووە و مانگی تەمموزی ڕابردوش بەمەیدانی سەردانی قەزاکەی کردووە و چەندین داواکاری مانگرتوانی جێبەجێکردووە لەوانە زیادکردنی پێشینەی دامو دەزگاکان و تەرخان کردنی پارەی پێویست بۆ چەندین پرۆژەی تەندروستی و ڕێگاوبان و پەروەردەو وەرزش و گەشتیاری و چەندین بواری دیکە. 
 
لەکۆتایی دیدارەکەدا چەند داواکاریەک لەلایەن قایمقامی کفرییەوە ئاڕاستەی وەزیری دارایی کرا کە خۆی لە چەند پرۆژەیەکی قیرتاوکردن و دروست کردنی پرۆژەیەکی گەشتیاری لە سەر بەنداوی باوەشاسوار دەبینیەوە، وەزیری داراییش ڕایگەیاند دوای ئاڕاستەکردنی پرۆژەکان لەلایەن وەزارەتە پەیوەندیدارەکانەوە بەپێی بارودۆخی دارایی بڕیار لەسەر جێبەجێکردنیان دەدەن.