ڕونکردنەوەیەک لەوەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێمی کوردستانەوە.
شەوی سێ شەممە ڕێکەوتی ٢٠٢٣/١٢/٢٦، کەناڵی کەی ئێن ئێن لە میانی ڕاپۆرتێکدا چەندین داتاو زانیاری هەڵەی لەسەر داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و شێوازی دابەشکردنی مووچە خستۆتە ڕوو کە سەرجەمیان خەیاڵی ئامادەکاری ڕاپۆرتەکە بووە و بەئارەزوی خۆی هۆنیویەتیەوە، بەپێوستمان زانی هەندێک لە ڕاستیەکان باس بکەین تەنها بۆ بیرخستنەوەی ئەو جۆرە کەسانەی زەینیان کوێرە و مێژویان بیر ئەچێتەوە.
لامان سەیرە کە ڕاگەیاندنی بزوتنەوەی گۆڕان پێکهاتەیەکی سەرەکی حکومەتی هەرێمن نەزانێت داهاتی ناوخۆ چۆن خەرج دەکرێت، بۆ ئەوەی ڕاستیەکان وەکوو خۆی بگاتە ئەو ڕاگەیاندنکارە چەواشەکارە و هاووڵاتییان و مووچەخۆران ڕوون بێتەوە بەگرنگمان زانی ئەم چەند خاڵەی خوارەوە ڕوون بکەینەوە بەپێی داتاو زانیاریە بەردەستەکانی لامانە بە بەڵگەو ژمارە.
چونکە پێمان وایە بەرپرسیاریەتی ئێمەیە کە ڕاستیەکان وەک خۆی بۆ هەموو لایەک ئاشکرا بکرێت.
هەروەک گرنگە هەموو لایەک زانیاری تەواویان لەسەر داهاتی ناوخۆ بەتایبەتی هەبێت، هەرچەندە لەڕابردووشدا چەند جارێک لەبۆنەی جیاواز جیاوازدا باسمان کردووە.
١- بەدرێژایی ساڵی ٢٠٢٣ وەک وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان١٠ مووچەی تەواومان دابەش کردووە کە مووچەیەکیان هی مانگی ١٢ ی ساڵی ٢٠٢٢ بووە و ٩ مووچەشیان هی ساڵی ٢٠٢٣ بووە، لەساڵی ٢٠٢٣ حکومەتی عێراق تەنها ٤ ترلیۆن و ٢٩٨ ملیار دینار بۆ هەرێمی کوردستان ناردووە کەلەو ژمارەیە ٣ ترلیۆن و ٧٠٠ ملیار دیناری وەک قەرز بووە و ٥٩٨ ملیار دیناریشی وەک شایستەی هەرێمی کوردستان لە مانگی حوزەیران هەژمار کراوە.
٢-پشکی خەمڵێنراوی هەرێمی کوردستان لە یاسای بوجەی ساڵی ٢٠٢٣ عێراق نزیکەی ١٦ ترلیۆن و ٤٩٨ ملیار دینار بووە، بەڵام بەپێوەری ئینفاقی فیعلی پشکی هەرێم لە کۆی ساڵەکە کە حکومەتی عێراق بۆ حکومەتی هەرێمی تەرخان کردووە نزیکەی ( ٦ ترلیۆن و ٣٠٠ ) ملیار دینارە، لەکاتێکدا حکومەتی هەرێم بەس بۆ مووچە لە ساڵێکدا پێویستی بە نزیکەی ( ١١ ) ترلیۆن دینارە بەو پێیەش کورتهێنان بۆ مووچە لە ساڵێکدا نزیکەی ٥ ترلیۆن دینارەو کە دەکاتە نزیکەی مووچەی شەش مانگی فەرمانبەران ومووچەخۆرانی هەرێم .
٣-یەکێکە لە کێشە گەورەکانی یاسای بودجەی ٢٠٢٣ عێراق بوونی بڕگەی ئینفاقی فیعلی ( خەرجی کرداری) بوو کە بەپێی ئەو بڕگەیە پشکی هەرێمی کوردستان لە ساڵی ٢٠٢٣ مانگانە لە دەوروبەری ٥٠٠ ملیار دینار تێپەڕناکات، لە کاتێکدا مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان مانگانە ٩١٣ ملیار دینارە بەپێی ئەو داتاو ئامارانەی لە ڕاپۆرتەکانی تیمی هاوبەشی دیوانی چاودێری دارایی عێراق و هەرێمی کوردستانەوە پەسەند کراون، ئەوە جگە لە هاوکاری هاوپەیمانان بۆ هێزی پێشمەرگە کە مانگانە بڕەکەی نزیکەی ( ٢٥ ) ملیار دینارە، بەهۆی ئەو کورتهێنانەی زۆرەی بۆ مووچە دروست بوو بوو ئەگەر لە ١٠٠٪ داهاتی ناوخۆش بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی مووچە تەرخان بکەین هێشتا بەتەواوی ناتوانرێت مووچەی پێ دابەش بکەین بۆیە هەندێک مانگ ناچاربووین داهاتی ناوخۆی دوو مانگ بۆ کورتهێنانی مووچەی مانگێک تەرخان بکەین کە کورتهێنانەکە نزیکەی ٣٤٠ ملیار دینار بوو.
٤-داهاتی ناوخۆی هەرێمی کورستان مانگانە نزیکەی ٣٢٠ ملیار دینارە و لەساڵێکدا نزیکەی ٤ ترلیۆن دینارە بە پێی ڕاپۆرتەکانی تەرازووی پێداچونەوەی مانگانە کە بەشی زۆری ئەو داهاتە لە پێنج سەرچاوەی سەرەکیەوە بەدەست دێن لەوانە داهاتی ( گومرگ و باج و کارەباو هاتوچۆو بەڕێوبەرایەتیەکانی تۆماری خانوبەرە)،بەڵام بەشێکی ئەو داهاتە ئەمانەت و چەک و قەرزە و دوای لێدەرکردنی پشکی وەزارەتەکان کە بەپێی یاسا و بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران بۆیان تەرخان کراوە، ئەوەی وەک کاش دێتەوە خەزێنەی وەزارەتی دارایی مانگانە نزیکەی ١٧٠ بۆ ٢٠٠ ملیار دینارە.
٥-زیاتر لە ٢ ترلیۆن دیناری داهاتی ناوخۆ لە ساڵی ٢٠٢٣ بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی ئەو ١٠ مووچەیە بەکارهێنراوە کە بەدرێژایی ساڵی ٢٠٢٣ دابەشکراوە، پاشماوەکەشی بۆ خەرجیەکانی بەکاربردن ( پێشینەو خەرجی مانگانەی دام و دەزگاکانی حکومەت ) دەڕوات و شتێکی ئەوتۆی بۆ خەرجی وەبەرهێنان نامێنێتەوە.
٦-خەرجی مانگانەی دام و دەزگاکانی حکومەتی هەرێم لەگەڵ پێشینەی وەزارەت و دام و دەزگاکان مانگانە لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان نزیکەی ١٧٠ ملیار دینارە و ئەوەش هەمووی لە داهاتی ناوخۆ دابین دەکرێت کەلە ساڵێکدا نزیکەی دوو ترلیۆن دینارە.
٧- شایەنی باسە ئەو کەسانەی بەئەنقەست ئەم زانیاریە نادروستانە بڵاو دەکەنەوە هیچ خزمەتێک بە دۆخی مووچەخۆران و ئابڵوقە ئابوریەکەی ناکەن ، ئەزمونی چەند ساڵی ڕابردوش سەلماندویەتی کەمزایەدەی سیاسی و دروشمی پۆپۆلیستی هیچی لێ بەرهەم نایەت، تێ ناگەین ئەو درۆ و چەواشەکاریانەی لەسەر پرسی مووچەو داهاتی ناوخۆ بڵاو دەکرێتەوە ئاوێکە و ئەکرێتە چ ئاشێکەوە، ئەگەر ئەو مزایەدە و چەواشەکاریانە سودی بۆ فەرمانبەران و مووچەخۆران نەبێت کێ سودی لێ دەبینێت جگە لە نەیاران و دوژمنانی هەرێمی کوردستان لە ناوخۆ و لە عێراق،لەڕابردوش هیچ حزب و لایەنێک سودی لە درۆ و چەواشەکاری و پۆپۆلیستی نەبینیوە تا ئێستا بزوتنەوەی گۆڕان و میدیاکەی بیانەوێت سودی لێ ببینن.
٨-وەک وەزارەتی دارایی لە ڕوانگەی بڕوابوونمان بە بنەماکانی شەفافیەت و چاودێری هەمیشە دەرگامان بۆ تیمە هاوبەشەکانی دیوانی چاودێری دارایی عێراق و هەرێم کراوە بووە و وردبینی لەسەرجەم ژمارەو داتاو زانیاریەکان کراوەو دواتر بەڕاپۆرت پەسەند کراوەو بەرزکراوەتەوە بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان.
٩-ئەو نەزانانەی کە دەڵێن حکومەت توانای موچەیەکی تری هەبوو لەمساڵدا بەڵام دابەشی نەکرد، دەبێت بەبیریان بێنینەوە ئەو ٣٢٠ ملیار دینارەی داهاتی ناوخۆ هەمووی کاش نییە و بەشێک چەک و قەرزو ئامانەتە ، بەڵام بەلامانەوە گرنگە ڕای گشتی و میدیاکانیش بزانن حکومەتی هەرێم تەنها دابەشکردنی مووچەی لە ئەستۆ نییە، بەڵکوو خەرجی بەکاربردن و وەبەرهێنان و چەندین بەرپرسیارێتی تری دارایی لە ئەستۆیە کەمانگانە دەبێت پارەی بۆتەرخان بکات.
١٠-هەر ڕاگەیاندن و دامەزراوەیەکی میدیایی داتاو ئاماری نادروست لەسەر داهات و خەرجی دام و دەزگاکانی حکومەت بەمەبەستی شێواندنی ڕای گشتی و تێکدانی دەرونی مووچەخۆران و فەرمانبەران بڵاوبکاتەوە بەمافی خۆمانی دەزانین ڕوبەڕوی یاسای بکەینەوە بەمەبەستی سەلماندنی.
هاوپێچ خشتەی دابەشکردنی مووچەی ١٠ مانگ لە ساڵی ٢٠٢٣ و خشتەی مانگانەی خەرجی بەکاربردن .
وەزارەتی دارایی و ئابوری.