هەرێمی کوردستان و وڵاتی چین پەرەى زیاتر بە پەیوەندییە ئابوورییە هاوبەشەکان دەدەن
بە مەبەستی دروستکردنی هاوکاری و هەماهەنگیی ئابووری لەگەڵ نوێنەرایەتیی وڵاتان لە هەرێمی کوردستان، لەسەر ڕاسپاردەی وەزیری دارایی و ئابووری، تیمێک لە وەزارەتی دارایی و ئابووری، سەردانی کونسوڵخانەی کۆماری چینی میللیان لە هەرێمی کوردستان کرد.
تیمی وەزارەت پێک هاتبوو لە د. هاوڕێ کەمال، ڕاوێژکاری کاروباری ئابووری و کارزان کەریم محەمەد، سەرپەرشتیاری یەکەی ئابووری و عەبدولقادر ئەحمەد، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی گومرگ و هاوڕێ بەختیار، بەڕێوەبەری پشکنینی باج لە بەڕێوبەرایەتیی گشتیی باج و خانووبەرەی میری، لە لایەن لین ژین یۆنگ، جێگری کونسوڵی گشتیی کۆماری چینی میللی لە هەرێمی کوردستان و چن گۆوجینگ، بەرپرسی بەشی سیاسیی کونسوڵخانە پێشوازییان لێ کرا.
لە دیدارێکدا باس لە هەنگاوەکانی بەرەوپێشچوونی پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوان هەردوولا کرا و کونسوڵی چینی میللی ئامادەییی خۆیان بۆ هەموو جۆرە هاوکاری و هەماهەنگییەک لەگەڵ وەزارەتی دارایی و ئابووری دەربڕی، تا بتوانرێت سوود لە ئەزموونی گەشەکردنی ئابووریی ئەو وڵاتە وەربگرن، هەروەها تیمەکەی وەزارەتی دارایی و ئابووری ئامادەیی وەزارەتیان دەربڕی بۆ هەموو جۆرە هاوکاری و ئاسانکارییەک بۆ جووڵە ئابوورییەکانی چین لە هەرێمی کوردستان.