وەزیری دارایی لەگەڵ تیمی سەرپەرشتیاری سیستەمی بەڕێوەبردنی داراییی کوردستان ( KFMS ) کۆ بووەوە
![](/media/21234/364792727_668415158645482_824036744078637182_n.jpg?anchor=center&mode=crop&width=1200&height=630&rnd=133352589590000000)
وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ تیمی سەرپەرشتیاری سیستەمی بەڕێوەبردنی داراییی هەرێمی کوردستان (KFMS) لە نووسینگەی سەرۆکوەزیران کۆ بووەوە و دوایین هەنگاوەکانی بەرەوپێشبردنی سیستەمەکە گفتوگۆی لەبارەوە کرا.
ڕۆژی یەکشەممە ٣٠ى تەممووزی ٢٠٢٣، ئاوات جەناب نووری، وەزیری دارایی و ئابووری پێشوازیی کرد لە عەزیز ئەحمەد، جێگری بەرپرسی نووسینگەی سەرۆکوەزیران و تیمی سەرپەرشتیاری بەڕێوەبردنی سیستەمی داراییی هەرێمی کوردستان ( KFMS ).
لە دیدارێکدا دوایین هەنگاوەکان و پێشکەوتنەکانی سیستەمەکە گفتوگۆی لە بارەوە کرا و ئامادەکارییەکان بۆ تێخستنی بودجەی وەبەرهێنان بۆ ناو سیستەمەکە لە ئاییندەیەکی نزیک تاووتوێ کرا.
وەزیری دارایی دەستخۆشیی لە تیمی سەرپەرشتیاری سیستەمی بەڕێوەبردنی داراییی کوردستان کرد و ڕایگەیاند "بە هۆی سیستەمەکەوە ڕۆتیناتی ئیداری و دارایی بە ڕێژەیەکی بەرچاو کەم بووەتەوە و شەفافییەت زیاد بووە، لەمەدوا سەرجەم داهاتە ناوخۆییەکانی هەرێم دەچێتە ناو هەژمارێکی تایبەتەوە" و هیوای خواست "لە ڕێی سیستەمەکەوە سەرجەم خەرجی و داهاتەکان ڕێک بخرێت و ڕۆتیناتی ئیداری و دارایی بە تەواوی کەم بکرێتەوە."
بە پێی داتاکانی تیمی سەرپەرشتیاری سیستەمی بەڕێوەبردنی داراییی کوردستان، تەنیا لە ساڵی ٢٠٢٣ دا ٦١٤٢ داواکاری خەرجی لە ڕێی سیستەمەکەوە پێشکەش کراوە و لەو ماوەیەدا ١٠٤ ملیار دینار خەرجیی ناپێویست پاشەکەوت کراوە.