وەزیری دارایی و ئابووری ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیانی بەسەر کردەوە
وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێم، ئیدارەی گەرمیانی بەسەر کردەوە و بەڵێنی هاوکاریی زیاتری سەرجەم دامەزراوە حکومییەکان و کارئاسانی بۆ مامەڵەی بازرگانان لە چوارچێوەی ڕێنماییە داراییەکاندا دا.
ڕۆژی یەکشەممە، ٢٣ی تەممووزی ٢٠٢٣، ئاوات جەناب نووری، وەزیری دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێم، بە یاوەریی یاسین واحید، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەت و ساماڵ عەبدولڕەحمان بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی هەرێم و ستافی وەزارەت، ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیانی بەسەر کردەوە و لە لایەن جەلال شێخ نووری، سەرپەرشتیاری ئیدارەکە و قائیمقامی ناوەندیی قەزای کەلار و کفرییەوە پێشوازیی لێ کرا.
وەزیری دارایی ڕایگەیاند: "ئامانجی سەردانەکەی بۆ لە نزیکەوە ئاگاداربوون بووە لەو گرفت و کەموکوڕییانەی کە بە هۆی قەیرانی دارایی و دۆخی سیاسیی هەرێم و عێراقەوە بۆ دامودەزگاکانی سنوورەکە دروست بووە، هاوکات لەگەڵ سەرجەم بەرپرسی یەکە ئیداری و بەڕێوەبەر و بەڕێوەبەرە گشتییەکانی سنوورەکە کۆ بووەوە.
گوتیشی: "گەرمیان و گەرمیانییەکان لای ئێمە سەنگی تایبەتیان هەیە و سەرباری قەیرانە دارایی و سیاسییەکان پلانی کابینەی نۆیەم زیاتر خزمەتکردنی سنوورەکە و پتەوترکردنی ژێرخانی دامەزراوە حکومییەکانی ناوچەکە بووە، لەو چوارچێوەیەشدا بە پێی توانا و دەسەڵاتەکانیان درێغیمان نەکردووە و بەردەوامیش دەبین. بە تایبەت لە سێکتەرەکانی خوێندنی باڵا و کارەبا و تەندروستی و پەروەردە سێکتەرەکانی دیکەش. لە کابینەی داهاتووشدا زیاتر ئەنجامی کارەکانیان ڕەنگدانەوەی دەبێت".
سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان بە ناوی خۆی و سەرجەم یەکە ئیداری و بەڕێوەبەرایەتییەکانی سنوورەکەوە، پێزانینیان ئاراستەی وەزیری داراییی هەرێم کرد کە لە ماوەی ڕابردوودا خەمخۆری ڕاستەقینەی داواکارییەکانی گەرمیانییەکان بووە و بە پێی ئەو توانا و دەسەڵاتەی خۆی خزمەتی ناوچەکەی کردووە.