وەزیری دارایی و ئابووری بەردی بناغەى کۆمەڵێک پڕۆژەى لە ئیدارەى گەرمیان دانا
وەزیری دارایی و ئابووری بەردی بناغەی سێ پرۆژەی لە ئیدارەی گەرمیان دانا و ڕایگەیاند: "ئەم هەنگاوانە دەستپێکی کارێکی گەورەترە بۆ ئیدارەی گەرمیان و تەواوبوونی ئەو پرۆژانە، کاریگەریی لەسەر زیادبوونی جوڵەی بازرگانی و ڕەخساندنی هەلی کاری زیاتر لە سنوورەکەدا دەبێت".
ڕۆژی یەکشەممە، ٢٣ى تەممووزی ٢٠٢٣، ئاوات جەناب نووری، وەزیری دارایی و ئابووری، سەردانی ئیدارەی گەرمیانی کرد و بە شێوەیەکی مەیدانی دەروازەی نێودەوڵەتیی پەروێزخانی بەسەر کردەوە.
لە دەستپێکی سەردانەکەیدا، وەزیری دارایی بەردی بناغەی پرۆژەی ڕاکێشانی ئاوی لە گوندی حەوشکوڕوو بۆ دەروازەی پەروێزخان دانا کە درێژییەکەی حەڤدە کیلۆمەترە.
هەر لەمیانی سەردانەکەیدا وەزیری دارایی، بەردی بناغەی چەند پرۆژەیەکی گرنگی لە مەرزی تیلەکۆ دانا، کە بڕیارە لە ئایندەیەکی نزیکدا بە ڕووی کەرتی بازرگانیدا بکرێتەوە.
هاوکات لە دەروازەی نێودەوڵەتیی پەروێزخان، وەزیری دارایی بەردی بناغەی چەند پرۆژەیەکی ستراتیژیی دانا کە خۆی لە ماستەرپلانی دەروازەکە و دروستکردنی ئاوبارەی کۆنکرێتی و نۆژەنکردنەوەی ناو دەروازەکە و بنکەی نشینگە و دروستکردنی ڕێڕەوی گەشتیاری و چاککردن و پەرەپێدانی ڕێگا بازرگانییەکانی چواردەوری دەروازەکە دەبینێتەوە.