وەزیری دارایی پێشوازیی لە نوێنەری خۆپیشاندەرانی گوندەکانی دۆڵی سماقوڵی کرد
ڕۆژی دووشەممە،١٧ى تەممووزی ٢٠٢٣، ئاوات جەناب نووری، وەزیری دارایی و ئابووری لە دیوانی وەزارەت، پێشوازیی لە نوێنەری خۆپیشاندەران و دانیشتووانی گوندەکانی دۆڵی سماقوڵی کرد.
لە دیدارێکدا ئاوات جەناب نووری، ڕایگەیاند: "لە ماوەی چوارساڵی ڕابردوودا، هەرچی لە تواناماندا بووبێت لە وەزارەتی دارایی بۆ خزمەتی دەڤەری کۆیە و دۆڵی سماقوڵی درێغیمان نەکردووە و لەمەودواش هەرچیمان پێ بکرێت، بۆ خزمەتی خەڵکی ئەو ناوچانە بە ئەرکی خۆمانی دەزانین".
نوێنەری خۆپیشاندەران و گوندەکانی دۆڵی سماقوڵی، سوپاس و پێزانینی خۆیان ئاراستەی بەڕێز وەزیری دارایی کرد کە لەگەڵ وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن ڕۆڵی بەرچاویان هەبووە لە نۆژەنکردنەوەی ڕێگای سەرەکیی دۆڵی سماقوڵی و دابینکردنی بودجەی پێویست بۆ ئەو کارە.
لە کۆتاییی دیدارەکەشدا وەزیری دارایی ڕایگەیاند :"لە سەرەتای ئەم کابینەیە ئەولەویاتی کارەکانمان دابینکردنی مووچە بووە، ئەوەش وای کردووە وەک پێویست نەتوانرێت پرۆژەکان جێبەجێ بکرێن"، ڕوونیشی کردەوە "لە ماوەی ڕابردوودا چاکسازیی ڕژد لە ناو دامودەزگاکانی وەزارەت کراوە و کاری باشیش بۆ بنیاتنانی ژێرخانی دامەزراوەکانی حکومەت کراوە و ئەنجامەکانی لە دوو ساڵی داهاتوودا زیاتر دەردەکەون".