دروستکردنی بانکی نیشتیمان وەک لقێکی بانکی ناوەندی لە هەرێمی کورستان لە قۆناغی کۆتاییدایە
ڕۆژی سێشەممە، ٧ی ئاداری ٢٠٢٣، ئاوات جەناب نووری، وەزیری دارایی و ئابووری، پێشوازی لە وەفدێکی بانکی نێودەوڵەتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا کرد، کە بە سەرۆکایەتیی جۆن کریستۆڤەر کارێ، بەڕێوەبەری هەرێمی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقیای بانکی نێودەوڵەتی و وەفدێکی هاوڕێی هاتبوون.
وەزیری دارایی کورتەیەکی لە سەر کار و چالاکییەکانی وەزارەت لە بواری بەدیجیتاڵیکردنی سیستەمی بانکەکان و دابەشکردنی مووچەی خانەنشینان و فەرمانبەران بەشێوەی ئەلیکترۆنی و ڕێکخستنەوەی سیستەمی خەرجی بە شێوازی ئۆنلاین و زیادکردنی شەفافییەت و کەمکردنەوەی ڕۆتین پێشکەش کرد.
وەفدی میوان ستایشی هەنگاوەکانی وەزارەتی داراییان لە بواری شەفافییەت و بەدیجیتاڵکردنی خزمەتگوزارییەکان و کرد داوایان کرد پەیوەندیی ڕاستەوخۆیان لە گەڵ وەزارەتی دارایی بە مەبەستی هەماهەنگی و هاوکاری لە بواری پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی بانکی و دارایی و بەرزکردنەوەی توانای ستاف و کارمەندەکانی وەزارەت هەبێت.
وەزیری دارایی ڕایگەیاند: "هەنگاوەکانی دروستکردنی بانکی نیشتیمان وەک لقێکی بانکی ناوەندی لە هەرێمی کورستان لە قۆناغی کۆتاییدایە و بە کردنەوەی ئەو بانکە، سیستەمی بانکی لە هەرێمی کوردستان قۆناغێکی باش دەچێتە پێشەوە".
ئامادەییی ستافی وەزارەت و هەموو بەڕێوبەرایەتییەکانی بۆ هاوکاری و هەماهەنگیی بەردەوام لەگەڵ ستافی بانکی نێودەوڵەتی بۆ کاری پێکەوەیی و زیادبوونی شەفافیەت و بەرەوپێشبردنی سیستەمی و بانکی و دارایی لە هەرێمی کوردستان دەربڕی.