ڕونکردنەوەیەک لە ڕاگەیاندنی وەزارەتی دارایی و ئابوورییەوە
لەسەر ئەو چەواشەکاریانەی تایبەت بە پرسی ٤٠٠ ملیار دینارەکە لە چەند ماڵپەڕ و پەیج و دەزگایەکی ڕاگەیاندن بڵاوبۆتەوە بە پێویستمان زانی ئەم ڕونکردنەوەیە بۆ ڕای گشتی بخەینەڕوو.
١- بڕی ئەو ٤٠٠ ملیار دینارە لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقەوە بۆ مانگی تشرینی دووەم و کانونی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٢، بڕیاری لەسەر درابوو، بەڵام بەچەند هۆکارێک دواخراو لە سەرەتای ئەم مانگە خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێمی کوردستان.
٢- وەزیری دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕۆژی ١٤ ئادار، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندبوو ٤٠٠ ملیار دینارەکە تەنیا بۆ مووچە هاتووە و بۆ هیچ بابەتێکی تر خەرج ناکرێت و موچەی مانگی ئاداریش بەبێ کێشە دابەش دەکرێت.
٣- جەخت دەکەینەوە ئەو ڕێژەیەی مانگانە لە وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بۆ سلێمانی خەرج کراوە و خەرج دەکرێت هیچ گۆڕانکاریەکی بەسەردا نەهاتووە.
٤- بەهۆی دابەزینی داهاتی نەوتەوە کە بۆ مووچەی مانگی شوبات تەنیا ٣٤٠ ملیار دینار لە وەزارەتی سامانە سروشتیەکانەوە خراوەتە سەر حسابی وەزارەتی دارایی و ئابووری لە گەڵ ٤٠٠ ملیار دینارەکەی بەغدا بۆ مووچەی مانگی شوبات تەرخان کراوە و ئەو کورتهێنانەشی دروست بووە لە داهاتی ناوخۆ پڕ دەکرێتەوە، هەروەکوو چۆن پێشتر کراوە.