ئاوات جەناب نووری: چاوەڕێی حکومەتی فیدراڵ و تورکیاین بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنەوەی نەوت
ڕۆژی دووشەممە ٨ی ئایاری ٢٠٢٣، ئاوات جەناب نووری، وەزیری دارایی و ئابووری پێشوازی لە د.تۆرکیلد بیوگ، بەرپرسی نووسینگەی پەیوەندییەکانی یەکێتی ئەوروپا لە هەرێمی کوردستان کرد.
وەزیری دارایی و ئابووری ڕێککەوتنی هەناردە کردنەوەی نەوت و پشکی هەرێمی کوردستانی لە پرۆژە یاسای بودجەی فیدراڵی ڕوونکردەوە و ڕایگەیاند، بنەمای ڕێککەوتنەکە دەگەڕێتەوە بۆسەرەتای پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق و لەگەڵ چوارچێوەی هەماهەنگی کە چەند خاڵێکیان بۆ ئیدارەدانی دۆسیەی نەوتی هەرێم چەسپاندووە.
ئاوات جەناب نووری ڕاشیگەیاند لەم قۆناغەدا ئەولەویەتی هەرێمی کوردستان جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی هەولێر و بەغدایە وەک خۆی و لەو چوارچێوەیەشدا هەرێمی کوردستان هەموو داواکارییەکانی جێبەجێ کردووە و چاوەڕێی عێراق و تورکیان بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم و چارەسەرکردنی ئەو کێشە سیاسی و تەکنیکیانەی لەبەردەم پرۆسەکەدا ماون.
وەزیری دارایی و ئابووری ئاماژەشی بەوەدا کە ڕاگرتنی نەوت کێشەی گەورەی بۆ مووچەی فەرمانبەران دروستکردووە و هیوادارن حکومەتی فیدراڵ بەڵێنەکانی خۆی بۆ دابین کردنی مووچەی فەرمانبەران بباتە سەر.
راشیگەیاند:'' وەک وەزارەتی دارایی و کابینەی نۆیەم کاری جدیمان هەمەچەشن کردنی سەرچاوەکانی داهات بووە لە ڕێی گرنگیدان بە کەرتی کشتوکاڵ و بوژاندنەوەی بەرهەمی ناوخۆو بەهێزکردنی ژێرخانی ئابووری تا هەرێمی کوردستان تەنیا پشت بە داهاتی نەوت نەبەستێت، لەو چوارچێوەیەشدا لە بواری ئاسایشی خۆراک هەنگاوی باش نراوەو بەدیجیتاڵ کردنی کاروباری دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێم دەستی پێکردووە و دەرئەنجامی باشی بەدەست هێناوە و لەبواری ژێرخانی کارەباش لەم کابینەیە کاری جدی کراوە. ''
بەرپرسی نوسینگەی پەیوەندیەکانی یەکێتی ئەوروپا پشتیوانی یەکێتی ئەوروپای بۆ ڕێکەوتنی هەولێر و بەغداد دوپاتکردەوە و هیوای خواست بەزوترین کات هەڵبژاردن لەهەرێمی کورستان ئەنجام بدرێت و کێشە سیاسەکان چارەسەر بکرێت.