ئاوات جەناب نووری: هەرێمی کوردستان ژینگەیەکی لەبارە بۆ وەبەرهێنەر و کۆمپانیا بیانییەکان
ڕۆژی پێنجشەممە ١٨ی ئایاری ٢٠٢٣، ئاوات جەناب نووری، وەزیری دارایی و ئابووری بە ئامادەبونی ساماڵ عەبدولڕەحمان، بەڕێوبەری گشتی گومرگ و د.کەمال تەیب، بەڕێوەبەری گشتی باجەکان و مەولود سابیر، بەڕێوەبەری گشتی بانکە بازرگانییەکان لەگەڵ شاندێکی باڵای ئابووری و بازرگانی ئەڵمانیا کۆبووەوە.
شاندی میوان پێکهاتبوون لە د.سڤین مۆسلەر، جێگری کونسوڵی ئەڵمانیا لە هەولێر و عەبدولعەزیز ئەلمەلاف، سەرۆکی ژوری بازرگانی عەرەبی - ئەڵمانی و سۆنتکی هێرن، سەرۆکی نوسینگەی پەیوەندییەکانی بازرگانی و پیشەسازی ئەڵمانیا لە عێراق و بەڕێوەبەرو خاوەنی ٢٧ کۆمپانیای بوارە جیاوازەکانی ئەو وڵاتە.
لەدیدارێکدا وەزیری دارایی تیشکی خستە سەر ئەو کارئاسانییانەی وەک حکومەتی هەرێم لە ڕێگای یاسای وەبەرهێنانەوە بۆ وەبەرهێنەرانی بیانی کراوە لەوانە لێخۆشبوون لە باج و گومرگ و ئاسانکاری لە هێنانی سەرمایە و دابین کردنی زەوی.
راشیگەیاند:'' لەئێستادا سەرقاڵی هەموارکردنەوەی یاسای وەبەرهێنانین بە جۆرێک زۆرترین کارئاسانی و دەرفەت بۆ کۆمپانیا و وەبەرهێنەرانی بیانی بڕەخسێنێت تا سەرمایەکانیان لەهەرێمی کوردستان بەگەڕبخەن.''
لەتەوەرێکی تری دیدارەکەدا وەزیری دارایی ئاماژەی بەو گۆڕانکاریانە کرد کە لە وەزارەتی دارایی لە بواری باج و گومرگ و بەدیجیتاڵ کردنی بانکەکان ئەنجامیانداوە و لەو ڕوووەشەوە داوای لە کۆمپانیا ئەڵمانییەکان کرد هاوکارو هەماهەنگ بن لە بەرەوپێشبردنی کەرتی بانکی و سێکتەرە جیاوازەکانی تر.
لەکۆتایی دیدارەکە وەزیری دارایی ڕایگەیاند؛'' سەردانی ئەو شاندە لەم کاتەدا زۆر گونجاوە کە هەرێمی کوردستان بەشێکی زۆر لە کێشەسیاسیەکانی لەگەڵ بەغداد چارەسەر کردووە و لەسەر نەوت و بودجە ڕێکەوتن کراوە و پشکی هەرێمی کوردستان لەبودجەی عێراق بۆ وەبەرهێنان بەڕێژەیەکی باش دیاریکراوە بەوەش دەرفەتێکی گونجاو بۆ وەبەرهێنان ڕەخساوە تا کۆمپانیاو وەبەرهێنەری بیانی سودی لێ وەربگرن.''