Skip to the content

وەزیری دارایی و ئابووری سەردانی زانکۆی کۆیەی کرد.

ڕۆژی چوارشەممە ٢٢ی تسرینی دووەمی ٢٠٢٣، ئاوات جەناب نوری وەزیری دارایی و ئابووری، سەردانی سەرۆکایەتی زانکۆی کۆیەی کرد و لەلایەن پرۆفیسۆری یاریدەدەر دکتۆر محەمەد حەسیب سەرۆکی زانکۆ و یاریدەدەرانی سەرۆکی زانکۆوە پێشوازی لێکرا.
 
لە دیدارێکدا، وەزیری دارایی و ئابووری خۆشحاڵی خۆی بەسەردانی زانکۆی کۆیە دەربڕی و پشتیوانی خۆی بۆ بەرپرسانی زانکۆکە دوپات کردەوە، هەروەک ئاماژەی بەو کارانە کرد کە لەکابینەی نۆیەم بۆ بنیاتنانی ژێرخانی کەرتی خوێندنی باڵا ئەنجامیانداوە و ڕایگەیاند:" وەک وەزارەتی دارایی هەرچی لە توانایاندا بوبێت بۆ ژێرخانی زانکۆ و پەیمانگاکان ئەنجامیانداوە و لەمەودواش بەپێی توانا و دەسەڵاتی خۆیان بەردەوام دەبن لەخزمەتکردنی ئەو کەرتە گرنگە کەبناغەی پێگەیاندنی تاکی هۆشیار و ئەکادیمییە و خزمەتکردنی سەرجەم کەرتەکان بەئەرکی ئەخلاقی و نیشتیمانی خۆیان دەزانن".      
         
دیدارەکەشدا سەرۆکی زانکۆ و یاریدەدەرانی سەرۆکی زانکۆی کۆیە، دوای سوپاس ڕایانگەیاند:"وەزیری دارایی و ئابووری پشتیوانێکی سەرەکی زانکۆی کۆیە بووە و هەر داواکاریەکیان ئاڕاستە کردبێت جێبەجێی کردووە، ئەوەش وایکردووە ژێرخانی زانکۆکەیان بەرەو پێش بچێت و ئاستی زانستی زانکۆکەش بەردەوام لەبەرزبوونەوەدا بێت"، و لە کۆتایشدا لەلایەن بەرپرسانی زانکۆکەوە چەند داواکاریەک ئاڕاستەی وەزیری دارایی کراو ئەویش پشتیوانی خۆی بۆ جێبەجێکردنی داواکاریەکانیان دوپات کردەوە.