وەزیری دارایی پێشوازی لە شاندێکی باڵای ڕێکخراوی UNDP لە عێراق کرد
ڕۆژی دووشەممە ٤ ى ئەیلوولی ٢٠٢٣، ئاوات جەناب نووری، وەزیری دارایی و ئابووری، بە ئامادەبوونی هاوڕێ کەمال، ڕاوێژکاری یاساییی وەزارەت و بێستوون کارەش، بەڕێوەبەری دڵنیاییی جۆریی وەزارەت، پێشوازیی لە شاندێکی باڵای ڕێکخراوی بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان (UNDP) لە عێراق کرد.
لە دیدارێکدا وەزیری دارایی کورتەیەکی لە سەر بەدیجیتاڵکردنی سیستەم و خزمەگوزاریەکانی وەزارەت لە کابیەنەی نۆیەم خستە ڕوو، هەروەک ستایشی کار و پڕۆژەکانی ڕێکخراوەکەی لە هەرێمی کوردستان کرد و تیشکی خستە سەر پرۆژەی بەئەلکترۆنیکردنی سیستەمی کاروباری خانەنشینی کە بەهاوکاريی ڕێکخراوی UNDP لە وەزارەتی دارایی بە سەرکەوتوویی ئەنجام دراوە و جەختی لەسەر هەماهەنگی و هاوکاريی بەردەوامی وەزارەت و ڕێکخراوەکە کردەوە بۆ کار و پڕۆژەی هاوبەش لە بواری بەسیستەمکردنی خزمەگوزاریيەکان لەپێناو بەدیهێنانی شەفافیەت و کەمکردنەوەی ڕۆتینات.
لەو چوارچێوەیەشدا بڕیار درا هەماهەنگی لە نێوان هەردوو لا بکرێت بۆ جێبەجێکردنی سیستەمی یەکپەنجەرە لە وەزارەتی دارایی لەپێناو کارئاسانی بۆ هاووڵاتيیان و نوێنەری دامودەزگاکان.
لای خۆشیانەوە شاندی ڕێکخراوی UNDP خۆشحاڵیی خۆیان بە کارکردن لەگەڵ وەزارەتی دارایی و ئابووری دەربڕی و ڕایانگەیاند "لە بەرنامەیاندایە چەندین پرۆژە لە بواری پێشخستنی خزمەتگوزارییەکان لە ڕێی بەئەلکترۆنیکردنی سیستەمی دامەزراوەکانەوە ئەنجام بدەن و هاوکاری و هەماهەنگییەکانیان لەگەڵ وەزارەتی دارایی بەردەوام دەبێت."