Skip to the content

وەزیری دارایی پیرۆزبایيی دەستبەکاربوونی لە بەڕێوەبەری گشتيی گومرگ و جێگرەکەی کرد

ڕۆژی دووشەممە ١٩ى ئابى ٢٠٢٤، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری پێشوازی لە کەمال ڕەوف، بەڕێوەبەری گشتيی گومرگ و جەوهەر مەحمود، جێگری بەڕێوەبەری گشتيی گومرگ لە وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان كرد.
لە دیدارێکدا وەزیری دارایی ڕایگەیاند: بەڕێوه‌بەرایەتيی گومرگ، دامەزراوەیەکی گرنگ و هەستیاری وەزارەتی دارایی و حکومەتی هەرێمی کوردستانە و پێویستی بە ڕێکخستنەوە و بەرەوپێشبردنی سەرجەم بەشەکانیەتی، لەو ڕووەشەوە پشتیوانيی تەواوی خۆی و سەرجەم بەڕێوه‌بەرایەتییەکانی وەزارەتی بۆ سەرخستنی پلان و هەنگاوەکانیان دووپات کردەوە و ڕایگەیاند: "لە ماوەی کارکردنیان لەم کابینەیە، هەر چی پێویست بووبێت بۆ بنیادنانی ژێرخانی دامەزراوەکانی حکومەت، ڕەزامەندیيان لەسەر داوە."
لای خۆشیانەوە هەر یەک لە بەڕێوەبەری گشتيی گومرگ و جێگرەکەی سوپاسی پشتیوانی و متمانەی وەزیری داراییان کرد و ڕایانگەیاند: ئامانجی سەرەکیيان بەرەوپێشبردنی سەرجەم بەش و بەڕێوه‌بەرایەتیيەکانی گومرگ و کاراسانی و خزمەتکردنی زیاترە بەو چین و توێژانەی کە کاریان دەکەوێتە بەڕێوه‌بەرایەتیيەکە.