وەزیری دارایی و ئابوورى لەگەڵ تیمی سەرپەرشتیاری پرۆژەی هەژماری من کۆبووەوە
ڕۆژی یەکشەممە ٢٢ى كانوونى يهكهمى ٢٠٢٤، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری، پێشوازى لە تیمی سەرپەرشتیاری پرۆژەی هەژماری من لە نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان كرد.
لە دیدارێکدا گفتوگۆ لەسەر دوایين بەرەوپێشچوونەکانی پرۆژەکە لەسەر ئاستی پارێزگهکان کرا و بەپێی دوایين ئامارەکان، تا ئێستا نزیکەی ٧٠٠ هەزار فەرمانبەر و مووچەخۆر لە ڕێگهی هەشت بانکەوە خۆیان تۆمار کردووە.
زیاتر لە ٣١٨ هەزار کارتی بانکی دابەش كراوە و ٣٠٦ ئامێری ڕاکێشانی پارە بەردەستە، بۆ مانگی تشرینی دووەم نزیکەی ٢٢١ هەزار مووچەخۆر، بە شێوەی دیجیتاڵی مووچە وەردەگرن.
بۆ مانگی کانوونی دووەمی ساڵی داهاتوو سەرجەم فەرمانبەرانی شارستانی لە پارێزگهی هەولێر، بە شێوەی دیجیتاڵی مووچەکانیان وەردەگرن.
لە تەوەرێکی ديكهى کۆبوونەوەکە، تیشک خرایە سەر ئامادەکاریيەکان بۆ کردنەوەی هەژماری بانکی بۆ سەرجەم خانەنشینان و کەسوکاری شەهیدان و خاوەنپێداویستیيە تایبەتەکان، لەو ڕوەوە چەندین کاراسانیان بۆ دەکرێت و بڕیاریشە لە ساڵی داهاتوودا هەنگاو بە هەنگاو پرۆژەکە ڕادەستی وەزارەتی دارایی و ئابووری بکرێت.
لە کۆتایيی کۆبوونەوەکەدا پێشوازی لە گشتاندنی ئەمینداریيەتی گشتيی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق کرا، کە کۆتایی مانگی تشرینی یەکەم ئاراستەی سەرجەم وەزارەت و پارێزگهکانی کردووە و كۆپييهكى بۆ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ناردووە و حکومەتی هەرێمی پابەند کردووە بە جێبەجێکردنی ناوەرۆکەکەی و تیایدا هاتووە: سەبارەت بە بەرەوپێشبردنی ژینگەی کارەکان و پتەوکردنی توانای بانکەکانی عێراق، لەسەر بنەمای پێشکەشکردنی خزمەتگوزاريی دارایی و بانکيی زیاتر، سەرۆکوەزیرانی عێراق وەزارەت و کۆمپانیاکانی ڕاسپاردووە بە پتەوکردنی پەیوەندیيەکانیان لەگەڵ بانکە تايبهتهكان، بە تایبەت لە بواری کردنەوەی هەژماری بانکی و پێدانی سلفە و قەرزی بەڵگەنامەیی، هەروەها هاوکاریکردن بۆ بەرەوپێشبردنی پارەدانی ئەلکترۆنی و تهوتينکردنی مووچەی فەرمانبەران. بەوەش هەرێمی کوردستان دەتوانێت بۆ پرۆژەی هەژماری من سوود لە سەرجەم ئەو بانکە تايبهتانه وەربگرێت کە لەلایەن بانکی ناوەنديی عێراقەوە مۆڵەتی کارکردنیان پێ دراوە.