ئاوات جهناب نوورى: دەرگای پرۆژەکە کراوەیە بۆ هەر بانکێک بیەوێت بێتە ناو پرۆژەی هەژماری منهوه
ڕۆژی سێشەممە 20ى شوباتى 2024، ئاوات جەناب نووری، وەزیری دارایی و ئابووری، پێشوازی لە تیمی سەرپەرشتی پرۆژەی هەژماری من لە نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کرد.
لە دیدارێکدا تیشک خرایە سهر دوايین بەرەوپێشچونەکانی پرۆژەکە لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان، ئاماژە بەوە کرا تا ئێستا نزیکەی 210 هەزار فەرمانبەر لە پارێزگای هەولێر هەژماریان بۆ کراوەتەوە، و نزیکەی 80 هەزار فەرمانبەریش کارتی بانکیان وەرگرتۆتەوە، هەروهها باس لە قۆناغێکی تری پرۆژەکە کرا کە دانانی کابینەی ڕاکێشانی پارەیە لە شوێنە گشتییەکان، توانراوە زیاتر لە 30 ئامێری پارەڕاکێشان لەناو شاری هەولێر دابنرێت و بەردەواميش لە زیادبوون دایە.
لای خۆشییەوە وەزیری دارایی و ئابووری، پشتیوانيی وەزارەتی بۆ سەرخستنی پرۆژەکە دووپات کردەوە و ڕایگەیاند ئەو چەواشەکاریيانەی لەلایەن هەندێک لایەن و میدیای نابەرپرسەوە دژی پرۆژەکە دەکرێت ناتوانێت لە گرنگی و بایەخی پرۆژەکە بۆ دامەزراندنی سیستەمێکی بانکيی دیجیتاڵی و پێشکەوتوو کەم بکاتەوە، کە بەتەواوی لە بەرژەوەندی فەرمانبەران و مووچەخۆران و هاووڵاتیيان دایە.
لە تەوەرێکی ديكهى کۆبوونەوەکەدا، باس له دوايين ئامادەکارییەکانی پرۆژەکە لە پارێزگای سلێمانی و دهۆک كرا، کە لە ئێستادا تیمەکان سەرقاڵی وەرگرتنی داتا و فۆرمی فەرمانبەرانن، بەم نزیکانە دەست بە کردنەوەی هەژماری بانکی بۆ فەرمانبەران دەکرێت و دواتریش خانەنشینان و کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان و خاوەنپێداویستییە تایبەتەکان دێنە ناو پرۆژەکەوە.
جەختیش لەوە کرایەوە دەرگای پرۆژەکە کراوەیە بۆ هەر بانکێک بیەوێت بێتە ناو پرۆژەی هەژماری من بە مەرجێک ڕەزامەندی بانکی ناوەنديی عێراقی هەبێت و مەرجەکانی پرۆژەکەی تێدا بێت، بۆ ئەو مەبەستەش گفتوگۆ لەگەڵ چەند بانکێکی تر لە ئارا دایە و لە قۆناغی داهاتوودا ژمارەی بانکە بەشداربووەکان لە پرۆژەکە زیاتر دەبێت.