وەزیری دارایی؛ دەرگای وەزارەت و بەڕێوەبەرایەتی و گەنجینەکان بۆ هەر وردبینییەک هەمیشە واڵان
ڕۆژی یەكشەممە ٢٥ی شوباتی ٢٠٢٤، ئاوات جەناب نووری، وەزیری دارایی و ئابووری، پێشوازی لە شاندێکی دیوانی چاودێریی داراییی عێراق کرد، کە پێکهاتبوون لە حەیدەر یوسف خلخال و علاء حسێن محەمەد، بەڕێوەبەری گشتی لە دیوانی چاودێریی داراییی عێراق.
لە دیدارێکدا کە ژمارەیەک لە بەڕێوەبەرە گشتییەکانی دیوانی چاودێریی داراییی هەرێمی کوردستان ئامادەی بوون، وەزیری دارایی جەختی لەو هەماهەنگی و هاوکارییە کردەوە کە ماوەی دوو ساڵە لەنێوان وەزارەتی دارایی و تیمە هاوبەشەکانی دیوانی چاودێریی داراییی عێراق و هەرێمی کوردستان هەیە، و ڕایگەیاند" دەرگای وەزارەت و سەرجەم بەڕێوبەرایەتی و گەنجینەکان کراوەیە بۆ هەر وردبینی و بەدواداچوونێک لەلایەن تیمە هاوبەشەکانی دیوانی چاودێریی داراییەوە."
سەردانی شاندی دیوانی چاودێریی داراییی عێراق لە چوارچێوەی کاری ئاسایی و وردبینیی تیمە هاوبەشەکانی نێوان دیوانی چاودێریی داراییی هەردوولایە بۆ ڕاپۆرتەکانی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگانە و ئامادەکردنی ڕاپۆرتی شەش مانگی کۆتاییی ساڵی ڕابردووی داهات و خەرجییەکانی هەرێمی کوردستان.
شاندەکە سوپاسی وەزیری دارایی و بەڕێوبەرایەتییەکانی وەزارەتیان کرد، کە هەمیشە هاوکار و پشتیوانی تیمە هاوبەشەکان بوون و هەمووکات دەرگایان بۆ تیمەکان کراوە بووە.