Skip to the content

وەزیری دارایی سەردانی سلێمانی کرد و تیمەکانی پرۆژەی ( هەژماری من ) ی بەسەر کردەوە

ڕۆژی چوارشەممە ٢٤ ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤، ئاوات جەناب نوری، وەزیری دارایی و ئابووری سەردانی دیوانی پارێزگای سلێمانی کرد و تیمەکانی پرۆژەی ( هەژماری من ) ی لە نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان بەسەر کردەوە.
   
وەزیری دارایی لەلایەن دکتۆر هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی پێشوازی لێکراو لە دیدارێکدا باسی لە گرنگی و بایەخی پرۆژەی ( هەژماری من ) کرد کە پرۆژەیەکی ستراتیژی گرنگە و لەلایەن تیمێک لە نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان بەهەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی دارایی ئەنجام دەدرێت.
      
وەزیری دارایی پشتیوانی پارێزگاری سلێمانی بۆ سەرخستنی پرۆژەکە بەرز نرخاند و ڕایگەیاند پرۆژەی ( هاژماری من ) پرۆژەیەکی گرنگ و پێویستی ئەم قۆناغەیە وە بەتەواوبوونی ئەو پرۆژەیە کێشەی کاش و نەبوونی سیولە بەتەواوی چارەسەر دەبێت و لەلایەن بانکە تایبەتەکانەوە چەندین خزمەتگوزاری وەک پێدانی قەرز و سلفە پێشکەش بەفەرمانبەران دەکرێت، جگە لەوە فەرمانبەر دەتوانێت پرۆسەی حەواڵە و کڕینی کاڵا بە شێوەی ئەلکترۆنی و ڕاکێشانی پارە لە وڵاتان و چەندین کارئاسانی تر لەڕێی کارتی هەژماری منەوە ئەنجام بدات.
   
دواتر وەزیری دارایی لەگەڵ تیمی پرۆژەی ( هەژماری من ) سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی کرد لەگەڵ سەرجەم بەڕێوەبەری بانکەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکان. 
     
ئاوات جەناب نوری گرنگی و بایەخی پرۆژەی ( هەژماری من ) ی بۆ ئامادە بووان ڕوون کردەوەو ڕایگەیاند:" پرۆژەکە هەنگاوێکی ستراتیژییە بۆ ئایندەی هەرێمی کوردستان و داوای لێ کردن بەهەموو توانایانەوە کار بۆسەرخستنی پرۆژەکە بکەن تابتوانرێت بەر لەو وادەیەی بۆی دانراوە کارەکان تەواو بکرێت".