Skip to the content

تێبینەرایەتی باجی ئوتومبێل لە کۆمەڵگای هاتوچۆی هەولێر کرایەوە

ڕۆژی چوارشەممە ٢٤ی کانونی دووەمی ٢٠٢٤ ، بەئامادەبونی بەڕێوەبەری گشتی هاتوچۆی هەرێم و بەڕێوەبەری گشتی هاتوچۆی هەولێرو بەڕێوەبەری گشتی باج و خانووبەرەی میری لە وەزارەتی دارایی و ئابوری، لەمەراسیمێکدا تێبینەرایەتی باجی ئوتومبێل لە کۆمەڵگای هاتوچۆی هەولێر کرایەوە.
 
ئامانج لە کردنەوەی ئەو تێبینەرایەتیە کەمکردنەوەی ڕۆتین و کارئاسانییە بۆ هاووڵاتییان کە لەمەودوا سەرجەم مامەڵەکانی باجی ئوتومبێل لە ڕێی سیستەمی ئەلکترۆنی و بەکاتێکی کەمترو شەفافتر مامەڵەکان ڕایی دەکرێن.
  
دکتۆر کەمال تەیب، بەڕێوەبەری گشتی باج و خانووبەرەی میری هەرێم ڕایگەیاند یەکێک لە کارنامەکانی کابینەی نۆیەم چاکسازی و کەمکردنەوەی ڕۆتینە لە دام و دەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کردنەوەی ئەم تێبینەرایەتیە خزمەتێکی گرنگە بە پرۆسەی چاکسازی و بەم نزیکانە هەمان بەش لەسلێمانی و دهۆک دەکرێتەوە ، هاوکات باجی کەمتر لە هاووڵاتییان وەردەگیرێت و چەندین بارگرانیان لەسەر کەمدەکرێتەوە کەپێشتر لە بواری پاکانەی باج دەبوایە لەیەک کاتدا پاکانەیان بۆ سەرجەم ئەو ئوتومبێلانە بکردایە کە بەناویانەوە تۆمار بوو، بەڵام لەمەودوا تەنها پاکانەی باجی ئەو ئوتومبێلە دەکەن کە مامەڵەی لەسەر دەکرێت. 

بەڕێوەبەری گشتی باجەکان و خانووبەرەی میری ڕونیشیکردەوە ئەو سیستەمە ئەلکترۆنیەی لەو تێبینەرایتیە کاری پێ دەکرێت بەتەواوی ڕێگری لە ساختەکاری دەکات و کۆتایی بەسیستەمی خەمڵاندنی باجی ساڵانە دێنێت کە هاووڵاتییان جاروبار ڕەخنەیان لەسەری هەبوو، هاوکات کێشەی باجی ئوتومبێلی ئەو هاووڵاتییانە چارەسەر دەبێت کە ئوتومبێلیان لە هاووڵاتییانی دانیشتوی پارێزگاکانی باشور و ناوەڕاستی عێراق کڕیوە و بەناوی خۆیان تۆماریان کردووەو پابەندی دارایی زۆریان لەسەر کەڵەکە بووە.