وەزیری دارایی پێشوازی لە بەرپرسی نوسینگەی پەیوەندیەکانی یەکێتی ئەوروپا لە هەرێمی کوردستان کرد
ڕۆژی چوارشەممە ١٧ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤، ئاوات جەناب نووری، وەزیری دارایی و ئابووری پێشوازی لە دکتۆر تۆرکیلد بیوگ، بەرپرسی نوسینگەی پەیوەندییەکانی یەکێتی ئەوروپا لە هەرێمی کوردستان کرد. و لەسەرەتای دیدارەکە بەرپرسی پەیوەندییەکانی یەکێتی ئەوروپا هاوخەمی خۆی بۆ ڕوداوی بۆردومانەکانی شاری هەولێر دەربڕی و هیوای خواست دووبارە نەبنەوە.
وەزیری دارایی ڕایگەیاند:" بۆردومانەکان درێژکراوەی ئەو فشارە ئابووری و سیاسی و ئەمنیانەیە کە ماوەی چەند ساڵیکە خراوەتە سەر هەرێمی کوردستان و بەئامانج کردنی سەرمایەدارەکانیش بۆ لێدانە لە ئابووری هەرێمی کوردستان و ڕێگری کردن لە گەشەکردن و ئاوەدان کردنەوەی زیاتری هەرێمەکەمانە".
لەتەوەرێکی تری دیدارەکەدا تیشک خرایە سەر دواین پەرەسەندنەکانی نێوان هەرێم و بەغدا، وەزیری دارایی ڕایگەیاند:" لەدواین سەردانیان بۆ بەغدا لەسەر ناوەرۆکی هەمواری یاسای بودجە گەیشتونەتە ڕێکەوتن و چاوەڕێن لە نزیکترین کاتدا ئەنجومەنی وەزیران هەموارەکە پەسەند بکات و هیواشی خواست لەپەرلەمانی عێراق بەبێ کێشە دەنگی لەسەر بدرێت"، دەربارەی دۆسیەی نەوتیش وەزیری دارایی ڕایگەیاند:" لێکتێگەیشتنی باش لەسەر تێچوی دەرهێنانی نەوت لە نێوان کۆمپانیاکان و وەزارەتی نەوتی عێراق هاتۆتە ئاراوەو ئومێد دەکەن لەئایندەیەکی نزیکدا لەسەر دۆسیەی نەوت بەتەواوی بگەنە ڕێکەوتن".
بەرپرسی پەیوەندییەکانی یەکێتی ئەوروپا ڕایگەیاند:" هەست بەو فشارو کاریگەریانە دەکەن کەلەسەر ئابووری هەرێم و مووچە خۆران هەیەو هەوڵەکانیان چڕ دەکەنەوە بۆ ئەوەی هەردوولا بگەنە ڕێکەوتنیکی گشتگیر". و ئاوات جەناب نوری ڕۆڵی وڵاتانی ئەورپا و ئەمریکای بەرز نرخاند لەپای هەوڵەکانیان بۆچارەسەری کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغداو ڕایگەیاند:" خەڵک و مووچەخۆری ئێمە لەوە زیاتر توانای بەرگەگرتنی فشاری سیاسی و ئابوری عێراقیان نەماوە".