هەرێم و عێراق لەسەر یەکخستنی سیاسەتی گومرگی و پاراستنی بەرهەمی ناوخۆ ڕێککەوتن
ڕۆژی دووشەممە (١ ی تەمموزی ٢٠٢٤)، دووەمین کۆبوونەوەی لیژنەی هاوبەشی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق، لەسەر یەکخستنی سیاسەتی گومرگی و چارەسەری کێشەکانی تایبەت بە خاڵە سنوورییەکان، لە چوارچێوەی یاسا و دەستوور، لە نێوان هەردوولا، بە سەرپەرشتیی دکتۆر محەمەد تەمیم، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری پلاندانانی عێراق بەڕێوە چوو. لە کۆبونەوەکەدا کە هەریەک لە ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ و ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری و بەڕێوەبەری گشتیی گومرگ لە هەرێمی کوردستان و لە حکومەتی عێراقیش وەزیرانی ناوخۆ و داد و ئاوەدانکردنەوە و خوێندنی باڵا و بەرپرسانی دەستەی دەروازە سنووریەکان ئامادەی بوون، گفتوگۆ لەسەر ئەو کێشە و گرفتانە کرا کە لە بواری گومرگ و خاڵە سنوورییەکان لەنێوان هەردوولا هەن و جەخت لەسەر جێبەجێکردنی خاڵەکانی کۆنووسی کۆبوونەوەکانی ڕابردوو کرایەوە، وەک نەخشەڕێگای چارەسەری کێشەکان. لە کۆتاییی کۆبوونەوەکەدا، شاندی هەردوولا هاوڕابوون کە یەک سیاسەتی گومرگی لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان جێبەجێ بکرێت و هەماهەنگیی زیاتر بکرێت بۆ پاراستی بەرهەمی ناوخۆ و جێبەجێکردنی ڕۆژنامەی کشتوکاڵی، بۆ ئەو مەبەستەش بڕیارە هەماهەنگی و کۆبوونەوەکان بەردەوامییان هەبێت، تا گەیشتن بە ڕێککەوتنی کۆتایی.
وەزارەتی دارایی و ئابووری