Skip to the content

وەزیری دارایی و ئابوورى لەگەڵ نوێنەری فەرمانبەرانی گرێبەست کۆبووه‌وه‌

ڕۆژی دووشەممە ١٥ی تەممووزی ٢٠٢٤، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری پێشوازی لە نوێنەرانی فەرمانبەرانی گرێبەست لە هەرێمی کوردستان كرد.    
لە دیدارێکدا وەزیری دارایی و ئابوورى تیشکی خستە سەر هەوڵەکانی وەزارەت و لیژنەی باڵای ئەنجومەنی وەزیران کە لە ڕۆژی ٨ى ئايارى ٢٠٢٤، بە مەبەستی گەڵاڵەکردنی بڕیارێکی دروست لەبارەی بەهەمیشەیيکردنی فەرمانبەرانی گرێبەست لە ڕووی یاسایی و کارگێڕی و داراییەوە پێک هێنراوە، تا بتوانن هاوشێوەی فەرمانبەرانی هەمیشەیی مافەکانیان پارێزراو بێت.
لە ماوەی ڕابردوودا لیژنە باڵاکە کۆبوونەوەی خۆیان کردووە و لە ئێستادا دۆسیەکە ڕەوانەی ئەنجومەنی ڕاژە کراوە، بۆ ئەوەی ڕێکارە هونەری و ئیداریيەکان تەواو بکرێن، ڕوونیشی کردەوە وەک وەزارەتی دارایی، هەمیشە داکۆکیکار و پشتیوانيی فەرمانبەرانی گرێبەست بوونە و لە ماوەی ڕابردووش هەرچی پەیوەست بووبێت بە وەزارەتەوە کاری خۆیان لەسەر کردووە.
هاوکات لەگەڵ وەزارەتی دارایيی حکومەتی فیدراڵ و ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لەسەر هێڵن، بۆ تەرخان کردنی دارایی و دیاریکردنی میلاکاتی پێویست لەسەر ئاستی وەزارەت و دامودەزگه‌ پەیوەندیدارەکان.      
 لای خۆشیانەوە نوێنەری فەرمانبەرانی گرێبەست سوپاسی وەزیری دارایی و ئابوورییان کرد، کە هەمیشە خەمخۆر و پشتیوانی دۆسیەکەیان بووە و هیوایان خواست لە نزیکترین کاتدا پرسی بەهەمیشەیيکردنی فەرمانبەرانی گرێبەست بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، بە پێی ئەو میکانیزم و ڕێکارانەی لە نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵی ڕێکەوتنی لەسەر دەکرێت.