Skip to the content

وەزیری دارایی و ئابوورى پێشوازی لە کونسولی گشتيی کۆماری میلليی چین لە هەرێمی کوردستان كرد

ڕۆژى دووشەممە ۸ی ته‌ممووزی ۲۰۲٤، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری، پێشوازی لە لیو جیون، کونسولی گشتيی کۆماری میللی چین لە هەرێمی کوردستان و شاندێکی یاوەری كرد، کە پێکهاتبوون لە چین جیۆجینگ، بەرپرسی بەشی سیاسی، جو دیمەن، بەرپرسی بەشی ئابووری و بازرگانيی کونسولخانە.
لە دیدارێکدا گفتوگۆ لەسەر دۆخی دارایی و ئابووريی هەرێمی کوردستان کرا و پەیوەندییەکانی نێوان وەزارەت و کونسولخانەی چین بەبایەخەوە هەڵسەنگێندرا، وەزیری دارایی سوپاسی کونسولخانەی چینی کرد، کە لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا، فەرمانبەرانی وەزارەتی داراییان بانگهێشتی پێنج خول و سیمیناری جیاواز لە ناوچە جیاوازەکانی وڵاتی چین کردبوو، بە مەبەستی سوودوەرگرتن لە ئەزموونی بەڕێوەبردنی دامودەزگه‌کانی ئەو وڵاتە، بە تایبەت لە بواری گومرگ و خاڵە سنووریيەکان.
لە تەوەرێکی تری کۆبوونەوەکەدا، وەزیری دارایی کورتەیەکی لەسەر چاکسازیيەکانی وەزارەتی دارایی لەم کابینەیە لە بواری ڕێکخستنەوەی باج و گومرگ، بانک، خانەنشینی، بەدیجیتاڵکردنی دامودەزگه‌کان و کەمکردنەوەی خەرجیيەکان بۆ وەفدی میوان خستە ڕوو. ئاماژەی بەوەش کرد "لەسەر ئاستی حکومەت، کاراسانی تەواومان بۆ کۆمپانیا بیانیيەکان کردووە، تا وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان بکەن، لەو ڕووەشەوە هەنگاوی باش نراوە لە بنیادنانی ژێرخانی ئابووری لە بواری کشتوکاڵ و پیشەسازی و سێکتەرە جیاوازەکان."

لە بەشێکی تری دیدارەکەدا ئاوات شێخ جەناب ڕایگەیاند لێکتێگەیشتن و بەرەوپێشچوون بۆ چارەسەری کێشەی مووچە هەیە و چەند جارێک وردبینی لە لیست و ناوی هێزە ئەمنیيەکان کراوە، هەرچەندە بە پێی بڕیاری دادگه‌ی فیدراڵی نابێت هیچ کێشە و هۆکارێک ببێتە هۆی دواکەوتن و نەدانی مووچە، بەڵام بە بیانووی وردبینیيەوە هەموو مانگێک کێشەیەکی نوێ بۆ مووچە دروست دەکەن، لە کاتێکدا بەپێی یاسای بودجە دەبێت سێ مانگ جارێک وردبینی لە خەرجی و داهات بکرێت. هەرێمی کوردستان پابەندییەکانی خۆی جێبەجێ کردووە لەوانە: گەڕانەوەی بەشی گەنجینەی فیدراڵی لە داهاتی نانەوتيی هەرێم و ڕادەستکردنی لیست و ناوی هێزە سەربازی و ئەمنیيەکان و بەردەوامی بە بانکیکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و ناردنی ڕاپۆرتی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگانە.