وەزیری دارایی پێشوازی لە شاندێکی هاوبەشی دیوانی چاودێریی داراییی عێراق و هەرێم کرد
ڕۆژی چوارشەممە ١٧ی تەممووزی ٢٠٢٤، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری پێشوازی لە شاندێکی هاوبەشی دیوانی چاودێریی داراییی عێراق و هەرێمی کوردستان کرد.
لە دیدارێکدا گفتوگۆ لەسەر کارەکانی تیمی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێریی دارایی لە وەزارەت و دامودەزگەکانی هەرێمی کوردستان لە ماوەی ڕابردوودا کرا. وەزیری دارایی پشتیوانیی وەزارەت و بەڕێوەبەرایەتییەکانی بۆ کاری تیمە هاوبەشەکان دووپات کردەوە و ڕایگەیاند: بەردەوام دەرگەمان بۆ تیمەکانی دیوانی چاودێریی دارایی بۆ وردبینی و بەدواداچوون لەسەر لیستی مووچە و داهات و خەرجییەکانی هەرێمی کوردستان کراوە بووە.
لای خۆشیانەوە شاندی هاوبەشی دیوانی چاودێریی داراییی عێراق و هەرێمی کوردستان سوپاسی وەزیری دارایی و سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەکانی وەزارەتیان کرد، لە بەرانبەر ئەو هاوکاری و هەماهەنگییانەی بۆ سەرخستنی کارەکانیان ئەنجامیان داون.