وەزیری دارایی و ئابووری پێشوازی لە لیژنەی باڵای چاکسازییەکانی باج لە عێراق کرد
ڕۆژی سێشەممە ٩ی تەممووزی ٢٠٢٤، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری، پێشوازی لە لیژنەی باڵای چاکسازییەکانی باج لە عێراق کرد، بە سەرۆکایەتیی د. عەبدولحسێن محەمەد، ڕاوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق و عەلی وەعد عەلاوی، بەڕێوەبەری گشتیی دەستەی باجەکان لە عێراق و شاندێکی هونەری و تەکنیکی یاوەریان.
لە دیدارێکدا وەزیری دارایی کورتەیەکی لەسەر ڕێکخستنەوەی کەرتی باج و ئەو هەماهەنگی و بەرەوپێشچوونانە خستە ڕوو کە لە سەرجەم بوارە جیاوازەکان، لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی هاتۆتە ئاراوە، پشتیوانیی وەزارەتی بۆ چارەسەری کێشەکانی باج لە چوارچێوەی یاسا و دەستوور دووپات کردەوە.
لای خۆشیانەوە شاندی حکومەتی عێراق سوپاسی هەڵوێست و بەدەمەوەهاتنی وەزیر و بەڕێوبەرایەتییە گشتییەکانی وەزارەتیان کرد، بۆ کارکردنی پێکەوەیی و گەیشتن بە ڕێکەوتن لە چوارچێوەی چاکسازی و ڕێکخستنەوەی سێکتەری باج لە سەرتاسەری عێراق.