Skip to the content

وەزیری دارایی چەند داواکاریيەکی قەزای کۆیە و گەرمیان جێبەجێ دەکات

ڕۆژی سێشەممە ٢٣ ی تەمووزی ٢٠٢٤, ئاوات شێخ جەناب, وەزیری دارایی و ئابووری پێشوازی لە تاریق حەیدەری, قایمقامی قەزای کۆیە و سەرۆکی شارەوانی و بەڕێوەبەری ڕيگه‌وبانی قەزاکە كرد.
لە دیداره‌كه‌دا, گفتوگۆ لەباره‌ى کێشە و گرفتەکانی قەزای کۆیە کرا و قایمقامی قەزاکە چەند داواکاریيەکی خستە ڕوو، کە تایبەتن بە کەرتی ڕێگه‌وبان و سێکتەرە خزمەتگوزاریيەکان، لە لایەن وەزیری داراییەوە ڕەزامەندی لەسەر زۆربەی داواکاریيەکان درا و ئاوات شێخ جەناب ڕایگەیاند: سەرەرای کێشە و قەیرانەکان، لەم کابینەیە هەر داواکاریيەک لە چوارچێوەی بونیادنانی ژێرخانی دامەزراوەکانی قەزاکە بووبێت، ڕەزامەندییان لەسەر دراوه‌، لای خۆشیانەوە بەرپرسانی ئیداری کۆیە سوپاسی هەوڵەکانی وەزیری داراییان کرد، بۆ خزمەتکردنی زیاتری قەزاکە.

لەلایەکی ترەوە وەزیری دارایی پێشوازی لە شاندێکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی گەرمیان و پەیمانگای تەکنیکی بەکرەجۆ كرد. لە کۆبوونەوه‌كه‌دا, هەنگاوەکانی بەرەوپێشبردنی کەرتی خوێندنی باڵا و بنیادنانی ژێرخانی زانکۆ و پەیمانگه‌کان لە کابینەی نۆیەم، بە بایەخەوە گفتوگۆی لەسەر کرا. ڕۆڵی وەزارەتی دارایی لە بەرەوپێشبردنی ئەو کەرتە بەرز نرخێندرا, لای خۆشیەوە وەزیری دارایی گەشبینيی خۆی نیشان دا، بە چارەسەرکردنی کێشەی مووچە لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ، ڕه‌خساندنى ده‌رفه‌تى زياتر بۆ جێبەجێکردنی پرۆژە خزمەتگوزاریيەکان و زياتر بەرەوپێشبردنی کەرتی پەروەردە و خوێندنی باڵا.