Skip to the content

ڕوونکردنەوەیەك لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی باجەکان و خانووبەرەی میری بۆ ڕای گشتی

باج بە یاسا وەردەگیرێت و ئەرکی سەرەکیمان جێبەجێکردنی یاساکانی باج بووە، کە سەرجەمیان یاسای کۆنی عێراقین، بەبێ ئەوەی هیچ گۆڕانێک لە ڕێژەکانی باج کرابێت، ئەوەی کراوە گەڕانەوەیە بۆ دەق و ڕۆحی یاساکان و ڕێگریکردن بووە لە خۆدزینەوە لە پێدانی باج.
وەزارەتی دارایی و ئابووری/ ب. گ. باجەکان و خانووبەرەی میری تەنها لە وەرگرتنی ئەم جۆرە باجانەی لە خوارەوە ئاماژەیان پێ دراوە بەرپرسیارە و وەرگرتنی هەر بڕە پارەیەک بە ناوی باج لە هاووڵاتییان جیا لەوانە ئێمە لێی بەرپرسیار نین:
باجی کۆمپانیاکان: ئەم باجە لە قازانجی ئەو کۆمپانیایانە وەردەگیرێت کە لە ئەنجامی چالاکییان لە هەرێمی کوردستان بەدەستیان هێناوە، بە ڕێژەی (١٥٪)، بەپێی یاسای باجی دەرامەت ژمارە (١١٣) ساڵی ١٩٨٢ هەموارکراو.
- زانیاری و ڕاپۆرتی کۆمپانیاکان بنەمای هەژمارکردنی باجی کۆمپانیاکانە، بۆیە هیچ باجێک ناکەوێتە ئەستۆی کۆمپانیا ئەگەر قازانجی نەکردبێت.
- کۆمپانیاکان لە پرۆژەکانی وەبەرهێنان بۆ ماوەی (١٠) ساڵ لە باج دەبەخشرێن، لە ڕێکەوتی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری.
باجی دەرامەت: کەسانی ئاسایی لە قازانجی ساڵانەی پیشەکانیان، بەپێی یاسای باجی دەرامەت ژمارە (١١٣) ساڵی ١٩٨٢ هەموارکراو، بە ڕێژەی هەڵکشاو کە بریتین لە ڕێژەی (٣٪، ٥٪، ١٠٪، ١٥٪) باج دەدەن، دوای داشکاندنی سەرجەم لێخۆشبوونە یاساییەکان, سەرەڕاى ئەوەى ئەو پیشەوەرانەى یەک سەرچاوەى داهاتى سنورداریان هەیە هیچ جۆرە باجێک نادەن، وەک (سەرتاشخانە,نانەواخانە,شوێنى چاکردنەوەى مۆبایل,شوێنى فرۆشتنى پەلەوەر,هتد)، بۆ نموونە هەژماری باجی نانەوایەک کە خێزاندار بێت بەڵام هیچ منداڵی نەبێت لە ساڵێک بەم جۆرەی خوارەوە دەکرێت:
٦٠٠٠٠٠٠ - ٥٠٪= ٣٠٠٠٠٠٠(داهاتی ساڵانە)
٣٠٠٠٠٠٠ - ٥٩٠٠٠٠٠(لێخۆشبوونی یاسایی)= سفر (کەواتە هیچ باج نادات چونکە هیچ داهاتێکی بۆ نامێنێتەوە)
- نەخۆشخانە تایبەتەکان لە دوای پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری، (٣) ساڵ دەبەخشرێن ئەگەر خاوەنی مۆڵەتی وەبەرهێنانیش بن بۆ ماوەی (١٠) ساڵ دەبەخشرێن.
- سەرجەم پرۆژەکانی وەبەرهێنان بۆ ماوەی (١٠) ساڵ دەبەخشرێن لە باج.
- باجدەرانی قەزا و ناحیەکان بە ڕێژەی (١٠٪ و ١٥٪) داشکاندنیان بۆ دەکرێت لە قازانجی ساڵانەیان
- خاوەن پێداویستی تایبەت بە رێژەی (١٥٪) داشکاندنیان بۆ دەکرێت لە قازانجی ساڵانەیان
- بێوەژن یان بێوەپیاو یا تەڵاقدراو یان سەڵت (ارمل/ ارملە، مطلق/مطلقە ، اعزب/ باکرە) بە ڕێژەى(10%) داشکانیان بۆ دەکرێت لە قازانجی ساڵانەیان.
- ئەو کارگانەی بە یاسای وەبەرهێنانی پیشەسازی مۆڵەتیان وەرگرتووە بە ڕێژەی جیا جیا بۆ ماوەی (١٠) ساڵ لە باج دەبەخشرێن و بە رێژەی (١٠٠٪) لە باجی هاوردەی موادی سەرەتایی بۆ کارگەکەی دەبەخشرێت.
باجی گواستنەوەی موڵکایەتی: خاوەنی موڵک لە کاتی فرۆشتنی موڵک بەپێی یاسای ژمارە (٢٦ ساڵی ٢٠٠٧) و یاسای ژمارە (٢٠ ساڵی ٢٠١١) ی پەرلەمانی کوردستان، باجی لێ وەردەگیرێت، دوای داشکاندنی ڕێژەی (٥٠٪) لە نرخی خەملێندراوی موڵکەکە بە ڕێژەی (١٪ بۆ ١٠٠ ملیۆنی یەکەم ) و (٢٪ بۆ ١٠٠ ملیۆنی دووەم)و (٣٪ بۆ ١٠٠ ملیۆنی سێیەم) و (٥٪ بۆ ئەو بڕەی سەرووی ٣٠٠ ملیۆنە) .
- هەموو خاوەن مولکێکی نیشتەجێبوون مافی هەیە هەر پێنج ساڵ جارێک لەباجی فرۆشتنی مولکەکەی داوای لێخۆشبوون بکات، لە یەک کاتدا ژن و مێرد و منداڵەکانیان دەتوانن لەم لێخۆشبوونە سوودمەند بن.
- رێژەی (٥٠٪) لە نرخی خەملێنراوی موڵک دەبەخشرێت و بڕی ماوە هەژماری باجی لەسەر دەکرێت.
- هەموو دایک و باوکێک و منداڵەکانیان دەتوانن موڵکەکانیان بە هیبە خاوەندارییەتییان بۆ یەکتر بگوازنەوە بەبێ ئەوەی هیچ باجێک بدەن
- هەموو خاوەن زەوییەکی نیشتەجێبوون تا ٨٠٠ مەتر دووجا، مافی هەیە هەر پێنج ساڵ جارێک داوای لێخۆشبوونی باجی فرۆشتنی مولکەکەی بکات.
باجی لێبڕینی ڕاستەوخۆ: ئەم باجە لە مووچە و کرێی کارمەندانی کەرتی گشتی و تایبەت وەردەگیرێت بەپێی یاسای ژمارە (٢٠) ساڵی ٢٠١١ ی پەرلەمانی کوردستان،بە رێژەی( ٥٪ ) لەو بڕەی لەسەرووی یەك ملیۆن دینارە.
- کارمەندان و فەرمانبەران لێخۆشبوونی پیشەکانیان بەجیا لە لێخۆشبوونی مووچەکانیان وەردەگرن کە بە هەردووکیان لە ساڵێکدا( ١٤٥٠٠٠٠٠) چواردە ملیۆن و پێنج سەد هەزارە لەکاتێکدا باجدەران لە سنووری حکومەتی فیدرالی عێراق یەکجار لێخۆشبوون وەردەگرن و بڕەکەشی (٢٫٥٠٠٫٠٠٠) بۆ ساڵێک.
باجی فرۆشراوەکان: ئەم باجە پاڵپشت بە یاسای بوودجەی حکومەتی فیدراڵی لە سەرجەم هۆتێل و چێشتخانە و شوێنە گەشتیاریەکانی(٤ ، ٥) ئەستێرە وەردەگیرێت بە رێژەی (١٠٪).
باجی خانووبەرە :ئەم باجە لە کۆی گشتی کرێی ١٢ مانگ بە رێژەی (٩٪) وەردەگیرێت لە خاوەن مولک بە پێی یاسای باجی خانووبەرە ژمارە (١٦٢) ساڵی ١٩٥٩ هەموارکراو.
- هەموو خانوو و باڵەخانەیەک تا سێ تابق بۆ ماوەی (٣) ساڵ لە باجی خانووبەرە دەبەخشرێت و بەڵام چوار تابق زیاتر بۆ ماوەی (٧) ساڵ دەبەخشرێت.
- پرۆژەکانی وەبەرهێنان لە رۆژی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بۆ ماوەی (١٠) ساڵ دەبەخشرێن.
باجی زەویی بەتاڵ: خاوەنی زەویی بەتاڵ ساڵانە لە کۆی نرخی خەملێندراوی زەویەکەی رێژەی( ٢٪) وەک باج لێی وەردەگیرێت بەپێی یاسای زەویی بەتاڵ ژمارە (٢٦) ساڵی ١٩٦٢ ی هەموارکراو.
هەموو خاوەن زەوییەک تا ڕووبەری (٦٠٠)م٢ مافی سوود مەند بوونی هەیە لە لێخۆشبوون لە باجی زەویەکەی.
تێبینی:
بەپێی نووسراوی ئەنجومەنی وەزیران/ سەرۆکایەتیی دیوان ژمارە (٣٣٩٣ لە رێکەوتی ٢٣/٧/٢٠٢٤) ئەم باجانەی خوارەوە راگیراون:
1- باجی فرۆشراوەکان کە بە رێژەی (١٠٪) لەسەر هۆتێل و چێشتخانەکانی خاوەن سێ ئەستێرە بەرەو سەر.
2- باجی نەخۆشخانە تایبەتەکان کە بە رێژەی (٥٪) لە کۆی تێچوووی خزمەتگوزاری پێشکەش کراو.
3- باجی سەر سەمونخانە و نانەواخانەکان.
4- باجی زەوی بەتاڵ

بەڕێوبەرایەتی گشتی باجەکان و خانوبەرەی میری
وەزارەتی دارایی و ئابوری
٢٤/٧/٢٠٢٤