چوارەمین لیستی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان ئاراستەی بانکی عێراقی بۆ بازرگانی (TBI) کرا
![](/media/7039/untitled-wwww.jpg?center=0.49367088607594939,0.49367088607594939&mode=crop&width=1200&height=630&rnd=133433190230000000)
ڕۆژی پێنجشەمە (٦ ی حوزەیرانی ٢٠٢٤)، لە چوارچێوەی پرۆسەی بەبانکیکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە ڕێگای پرۆژەی "هەژماری من" و بە پشتبەستن بە ڕێککەوتنی نێوان وەزارەتی دارایی و ئابووری لەگەڵ بانکی عێراقی بۆ بازرگانی (TBI) بۆ ناردنی زانیاریی فەرمانبەرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ چوارەمین هەفتە لەسەریەک، وەزارەتی دارایی و ئابووری هەستا بە ناردنی زانیاریی (٥٣٩) فەرمانبەری سەرجەم وەزارەتەکانی هەرێمی کوردستان.
لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی نێوان وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بانکی عێراقی بۆ بازرگانی (TBI)، حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت لە ئامادەکردنی لیست و زانیاریی مووچەخۆران، کە ئەم بانکە لە نێوان هەشت بانکەکانی ناو پرۆژەی هەژماری من هەڵدەبژێرن، بەپێی ئەو پرۆسەیەی کە بانکی ناوەندیی عێراق پەسەندی کردووە و هەفتانە لیستی نوێ بۆ بانکەکە ئامادە دەکات.
بە ناردنی ئەم لیستەی داتای فەرمانبەرانیش، ژمارەی داتای فەرمانبەرانی نێردراو ئێستا دەگاتە (٣٩١٧) فەرمانبەر، کە لە نێویشیاندا (٣٦٨)ـیان کارتەکانیان بۆ چاپ کراوە و ڕادەستی تیمی "هەژماری من" کراوە. وەک وەزارەتی دارایی و ئابووری چاوەڕوانین بانکی عێراقی بۆ بازرگانی (TBI) بە زووترین کات دەست بە کردنەوەی هەژماری بانکی بۆ فەرمانبەرانی خوازیار بکات و قۆناغ بەقۆناغ کارتی بانکی بۆ فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بگەڕێنێتەوە.
وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان