بانکی (TBI) یەکەمین کۆمەڵەی کارتە بانکییەکانی ڕادەستی تیمی "هەژماری من" کرد
ڕۆژی سێشەممە ٤ـی حوزەیرانی ٢٠٢٤، لە چوارچێوەی پرۆسەی بەبانکیکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە ڕێگای پرۆژەی "هەژماری من"، بانکی عێراقی بۆ بازرگانی (TBI) هەستان بە ڕادەستکردنی یەکەمین کۆمەڵەی کارتە بانکییەکان بە تیمی هەژماری من، کە پێکهاتبوو لە کارتی بانکیی (٣٦٨) فەرمانبەری سەرجەم وەزارەتەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
حکومەتی هەرێمی کوردستان بەپەرۆشەوە چاوەڕێی وەرگرتنی کارتە چاپکراوەکانی دیکەی بانکەکەیە بۆ ئەو فەرمانبەرانەی کەوا بانکی ناوبراویان هەڵبژاردبوو لە چوارچێوەی پڕۆژەی "هەژماری من" و لە ماوەی هەفتەکانی ڕابردوو زانیارییەکانیان بۆ بانکی ناوبراو نێردرابوو، تاکوو بە زووترین کات بتوانێت کارتەکان ڕادەستی فەرمانبەرانی خوازیار بکات.
هەر بەم بۆنەیەشەوە، هیوادارین سەرجەم مووچەخۆران بەردەوام بن لە تۆمارکردنی خۆیان لە پرۆسەی بەبانکیکردن لە ڕێگەی هەڵبژاردنی یەکێک لەو حەوت بانکانەی کە لە ئێستادا لە پڕۆژەی "هەژماری من" ـدا بەردەستن.
وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان