Skip to the content

وه‌زيرى دارايى و ئابوورى: پشتگیريی هیچ پرۆژەیەک ناکەين بەبێ ڕەزامەندی لەسەر موڵکی وەزارەتی دارایی دروست کرابێت

ڕۆژی چوارشەممە ٥ ی حوزەیرانی ٢٠٢٤، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری، لە شاری سلێمانی پێشوازی لە شوان محەمەد و ئەبوبەکر هەڵەدنی، ئەندامانی دەستەی داکۆکیکردن لە سروشت و موڵکی سلێمانی كرد.
     
لە دیدارێکدا گفتوگۆ لەسەر دیاردەی زیادەڕۆیی بۆ سەر موڵک و ماڵی گشتی و گرفتی ئەو پرۆژانە کرا، کە بەبێ مۆڵەت و بە سەرپێچی لەسەر موڵکی وەزارەتی دارایی دروست کراون.
       
لای خۆیەوە وەزیری دارایی و ئابووری ڕایگەیاند: پشتگیری هیچ پرۆژەیەک ناکەين بەبێ ڕەزامەندی، لەسەر موڵکی وەزارەتی دارایی دروست کرابێت، لەوانە هەموو ئەو پرۆژانەی لە بناری گۆیژە و ناوچەکانی تر کە بەبێ ڕەزامەندی و مۆڵەتی لایەنە پەیوەندیدارەکان کرابن، چ پرۆژەی نیشتەجێبوون بێت یان پرۆژەی بازرگانی و پیشەسازی یان هەر پرۆژەیەکی ديكه‌ بێت.
لای خۆشیانەوە ئەندامانی دەستەی داکۆکیکردن لە سروشت و موڵکی سلێمانی، سوپاسی ئەم هەڵوێستەی وەزیری داراییان کرد بۆ پشتیوانی و داکۆکیکردن لە سروشت و موڵکی سلێمانی، دژی کاری نایاسایی و دەستدرێژی بۆ سەر موڵک و ماڵی گشتی.