Skip to the content

وەزیری دارایی و ئابووری سەرپەرشتیی یەکەمین کۆبوونەوەی بۆردی توێژینەوە و پەرەپێدانی کرد

ڕۆژی دووشەممە ٢٤ی حوزەیرانی ٢٠٢٤، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری، سەرپەرشتیی یەکەمین کۆبوونەوەی بۆردی توێژینەوە و پەرەپێدانی وەزارەتی کرد، کە لەژمارەیەک ڕاوێژکار و بەڕێوەبەر و پرۆفیسۆر و مامۆستای زانکۆ لە بواری ئابووری و دارایی پێکهاتووە.

وەزیری دارایی پشتیوانیی تەواوی خۆی و وەزارەتی بۆ سەرخستنی کارەکانی بۆردەکە دووپات کردەوە و داوای کرد بەشێوەیەکی ورد و سەربەخۆیانە کار لەسەر کێشە ئابوورییەکانی هەرێمی کوردستان بکەن و چارەسەری گونجاویش بخەنە ڕوو.

لە بەشێکی تری قسەکانیدا، ئاوات شێخ جەناب ڕایگەیاند؛ لە سەرەتای دەستبەکاربوونیان لەم کابینەیە دروست کردنی بۆردێکی لەو جۆرەیان لە کەسانی پسپۆڕ و ئەکادیمی بەپێویست زانیوە، بەڵام قەیرانی دارایی و فشاری سیاسی و ئابووری لەلایەن حکومەتی ناوەندەوە وایکردووە هەموو هەوڵ و توانای حکومەتی هەرێم بۆ دابینکردنی مووچە تەرخان بکرێت.
لە بەشێکی تری کۆبوونەوەکەدا وەزیری دارایی تیشکی خستە سەر پلانی وەزارەت کە لە ماوەی ڕابردوودا هەوڵیانداوە ئابوورییەکی فرەچەشن و پێشکەوتوویان هەبێت، بۆیە بەلایانەوە گرنگە لەلایەن خەڵکانی ئەکادیمی و زانستییەوە نەخشەڕێگەی گونجاویان پێشکەش بکرێت تا بتوانن کاری لەسەر بکەن.

لای خۆشیانەوە ئەندامانی بۆردی توێژینەوە و پەرەپێدان، سوپاسی پشتیوانیی وەزیری داراییان کرد و بەڵێنیان دا هەرچی لە توانایاندا بێت بۆ ئامادەکردنی پلان و پرۆژەی گونجاو بۆ بەرەوپێشبردنی کەرتی ئابووریی هەرێمی کوردستان درێغی نەکەن و لە ڕاوێژ و گفتوگۆی بەردەوامدا دەبن لەگەڵ دامودەزگەکانی وەزارەتی دارایی و ئابووری.