وەزیری دارایی و ئابووری پێشوازی لە یەکێتیی خانەنشینانی کوردستان کرد
ڕۆژی دووشەممە ٣ی حوزەیرانی ٢٠٢٤، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێم، لە شاری سلێمانی، پێشوازی لە ژمارەیەک ئەندامی دەستەی باڵای یەکێتیی خانەنشینانی کوردستان کرد، کە بە نوێنەرایەتیی یەکێتییەکە و تەواوی خانەنشینانی کوردستان سەردانیان کردبوو.
لە دیدارێکدا گفتوگۆ لەبارەی ئەنجامی هەوڵەکان بۆ یەکخستن و هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ هاوتاکانیان لە حکومەتی عێراقی فیدراڵ کرا.
لای خۆیەوە صادق شێخ عوسمان، گوتەبێژی یەکێتیی خانەنشینانی کوردستان ڕایگەیاند: ئامانجی سەردانەکەیان بۆ لای وەزیری دارایی و ئابووری، لەو چوارچێوەیەدا بووە تا لە نزیکترین کاتدا، لیستی موچەی خانەنشینانی هەرێم، ڕەوانەی وەزارەتی داراییی عێراق و لایەنی پەیوەندیداری خانەنشینان لە حکومەتی عێراقی فیدراڵ بکرێت، بە ئامانجی هەرچی زووتر هاوتاکردنی موچەکانیان، لە چوارچێوەی یەکخستنی مووچە و شایستە داراییەکانی خانەنشینانی عێراق.
لە تەوەرێکی دیکەی دیدارەکەدا، وەزیری دارایی و ئابووری ڕایگەیاند: پێش ئەوەی نوێنەری خانەنشینانی کوردستان ئەو داوایە بکەن، لە ڕێگەی لیژنە و فەرمانگەی تایبەتەوە، لیستی تەواوی خانەنشینانی هەرێمیان ئامادەکردووە و پێداچوونەوەش بە هەموو دۆسیەی خانەنشینانی هەرێم کراوە.
ئاماژەی بەوەش کرد جیاوازی لە تەمەنی خانەنشینی هەرێم و عێراقدا هەیە و دەبێت چارەسەر بکرێت، بەپێی یاسای خانەنشینی لە عێراق، فەرمانبەران لە تەمەنی ٦٠ ساڵیدا خانەنشین دەکرێن، بەڵام بەپێی یاسای خانەنشینی لە هەرێم، فەرمانبەران لە تەمەنی ٦٣ ساڵیدا خانەنشین دەبن.
لە کۆتاییی دیدارەکەدا وەزیری دارایی و ئابووری پشتیوانیی خۆی و ئەنجومەنی وەزیرانی، بۆ تەواوی داواکارییەکانی خانەنشینان دووپات کردەوە و ڕایگەیاند؛ خۆی بە نوێنەر و بەشێکی دانەبڕاو لە خانەنشینانی کوردستان دەزانێت و هەرچی لە توانای حکومەتی هەرێم و وەزارەتی دارایی بێت، بۆ خزمەتی ئەو توێژە گرنگە، درێغی ناکەن.