ئاوات شێخ جەناب: قەیرانی هەڵنەبژاردنی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و کێشە سیاسییەکان تا ئێستا ڕێگربوون لە چارەسەری پرسی مووچە
ڕۆژی دووشەممە ٤ی ئاداری ٢٠٢٤، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری، پێشوازی لە د. تۆرکیلد بیوگ، بەرپرسی نوسینگەی پەیوەندییەکانی یەکێتیی ئەوروپا لە هەرێمی کوردستان کرد.
لەدیدارێکدا تیشک خرایە سەر دۆخی داراییی هەرێمی کوردستان و هەنگاوەکانی چارەسەرکردنی پرسی مووچەی فەرمانبەران.
وەزیری دارایی ڕایگەیاند؛ لە چەند مانگی ڕابردوودا لەسەر هەمواری یاسای بودجە و چارەسەرکردنی پرسی مووچەی فەرمانبەران، لەگەڵ حکومەتی عێراق گەیشتبوونە ڕێکەوتن و چاوەڕێ بوون لە ڕێی هەمواری یاساکەوە لە پەرلەمان کێشەکە چارەسەر بکرێت و مووچە لە هەموو کێشە و ململانێیەک جیا بکرێتەوە، بەڵام قەیرانی هەڵنەبژاردنی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و کێشە سیاسییەکان تا ئێستا ڕێگربوون لە چارەسەری ئەو بابەتە.
ئاوات شێخ جەناب گوتی؛ وەزارەتی داراییی هەرێمی کوردستان هەماهەنگیی تەواوی لەگەڵ تیمە هاوبەشەکانی دیوانی چاودێریی داراییی عێراق هەیە و ماوەی ١٠ ڕۆژە تیمە هاوبەشەکان سەرقاڵی وردبینین لە خەرجی و داهاتەکانی شەش مانگی کۆتاییی ساڵی ٢٠٢٣ی هەرێمی کوردستان، گوتیشی وەک وەزارەتی دارایی، هەموو هەوڵەکانیان بۆ جێبەجێکردنی داواکارییە هونەرییەکانی وەزارەتی دارایی عێراق خستۆتە گەڕ، تا هیچ بیانوویەک بۆ دواکەوتنی مووچەی فەرمانبەران نەمێنێت.
لای خۆشیەوە کونسوڵی یەکێتیی ئەوروپا لە هەرێمی کوردستان، سوپاسی هەوڵەکانی وەزیری دارایی کرد، کە هەمیشە خەمخۆر و داکۆکیکاری فەرمانبەران و مووچەخۆران بووە و ڕایگەیاند؛ لەهەوڵەکانیان بەردەوام دەبن بۆ ئەوەی حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراق بگەنە ڕیکەوتن لەسەر بودجە و مووچەی فەرمانبەران.