Skip to the content

ڕاگەیەندراوێک لە وەزارەتی دارایی و ئابوورییەوە

ماوەیەکە هەندێک زانیاریی نادروست و چەواشەکارانە دژی پرۆژەی هەژماری من لێرەو لەوێ بڵاودەکرێتەوە، بە پێویستمان زانی چەند زانیارییەک لە سەر پرۆژەکە و هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی بۆ ڕای گشتی بخەینە ڕوو.

کورتەیەک لە پرۆژەی هەژماری من:

پرۆژەیەکی گرنگ و ستراتیژیی حکومەتی هەرێمی کوردستانە، لەلایەن نوسینگەی بەڕێز سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بە هەماهەنگیی وەزارەتی دارایی و ئابووری، بە ئاگەداری بەڕێز سەرۆکوەزیرانی عێراق و بە ڕەزامەندی بانکی ناوەندیی عێراق لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان جێبەجێ دەکرێت.

مەبەستی پرۆژەی "هەژماری من" دروستکردنی بانک نییە بەڵکوو پرۆژەیەکی گشتگیری داراییی پێشکەوتووە، کە ئامانج لێی دابین کردنی ڕێگەیەکی پارێزراو و گونجاوە بۆ دەستڕاگەیشتن بە چەندین خزمەتگوزاریی دارایی و بانکیی سەردەم و دابینکردنی مووچە و پێدانی چەندین جۆری قەرز و سلفە و پێشینە لەلایەن بانکەکانەوە بۆ فەرمانبەران و سوودمەندانی هەرێمی کوردستان.
هەروەها سەرچاوەیەکە بۆ ڕێگریکردن لە سپیکردنەوەی پارە و کۆتاییهێنان بە گەندەڵی.

پرۆژەی هەژماری من دەبێتە هۆی بەدەستهێنانی داتای ورد و دروست و شەفاف لەسەر خەرجی و داهاتەکان، هەروەها پێشکەشکردنی چەندین جۆر سلفە و پێشینە بە فەرمانبەران و سوودمەندانی کەرتی گشتی و کەرتی تایبەت کە دەبێتە هۆی گەشەپێدانی ئابووری و بووژانەوەی سێکتەرە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان.

بانکە بەشداربووەکان:

پێنج بانک بەشدارن لە پرۆژەکەدا کە ئەوانیش بریتین لە:

● BBAC Bank
● RT Bank
● NBI
● Cihan Bank
● IIB
کە سەرجەمیان لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراقەوە مۆڵەتیان پێدراوە و باوەرپێکراون.
هەروەها بۆ دڵنیابوون لە هەڵبژاردنی ئەو بانکانەی کە تەندروستن و هیچ سزایەکیان لەسەر نییە لە پەیوەندییەکی بەهێز داین لەگەڵ گەنجینەی ئەمەریکا و سەرجەم ئەو بانکانە ناسراون و خاوەن ئەزموون و ژێرخانی دیجیتاڵی بەهێزن.

لە ئێستادا سێ بانکی دیکەی باوەڕپێکراو لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراقەوە لەسەر هێڵن بۆ بەشداریکردنیان لە پرۆژەکە.
شایەنی باسە بەشداریکردنی هەندێک بانک لە پرۆژەی هەژماری من ڕەتکراوەتەوە بە هۆکاری ئەوەی ئەو بانکانە شکستیان هێناوە لە بەدیهێنانی داواکارییەکانی پرۆژەکە، یاخود لەلایەن وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکاوە خراونەتە لیستی سزاوە.

شایەنی باسە کە بەپێی دوایین بڕیارەکان لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراق، پێویستە سەرمایەی (رأس المال) هەریەک لەو بانکە تایبەتانەی کە بەشدارن لە پرۆژەی هەژماری من زیاد بکرێت لە (٢٥٠) بۆ (٤٠٠) ملیار دیناری عێراقی تاوەکوو کۆتاییی ساڵ، ئەم بڕیارە لەپێناو بەرژەوەندیی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانە و دڵنیایی دەدات لە پاراستنی مووچە و پاشەکەوتی مووچەخۆران.

بەرهەم و خزمەتگوزارییە بانکییەکان:

پرۆژەی هەژماری من زیاتر لە ١٩ خزمەتگوزاری بانکی پێشکەشی مووچەخۆران دەکات و تێچووی مانگانەی سەرجەم خزمەتگوزارییەکان تەنها بڕی (٢٥٠٠) دیناری عێراقییە کە بە بەراورد بە پرۆژەی تەوتین لە عێراق کە تەنها پێشکەشکردنی یەک خزمەتگوزارییە بۆ زۆرینەی مووچەخۆران ئەویش پێدانی پارەی مووچەیە بە شێوازی کاش.

لە کاتێکدا مووچەخۆران لە پرۆژەی تەوتین لە عێراق مانگانە بڕی ٦ هەزار بۆ ڕاکێشانی مووچە دەدەن بە دەروازەکانی دابەشکردنی مووچە (PoC/منافذ) واتا وەرگرتنی ٦٠٠٠ دیناری عێراقی بۆ ڕاکێشانی هەر ملیۆن دینارێک.

ئامانجێکی دیکەی پرۆژەکە دەستڕاگەیشتنی فەرمانبەرانی کەرتی گشتی و خانەنشینان و هێزە ئەمنییەکانە بە مووچەکانیان لە ڕێگەی ئامێری ڕاکێشانی پارە (ATM) بەشێوەیەکی پارێزراو و شەفاف. بۆ ئەم مەبەستە بڕیارە لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان نزیکەی (١٠٠٠) ئامێری ڕاکێشانی پارە دابندرێت و لە ئێستادا نزیکەی ١٠٠ ئامێری ڕاکێشانی پارە لە شاری هەولێر دانراون و ٢٤ کاتژمێر کاران. لەهەمان کاتدا، دانانی ئامێرەکانی ڕاکێشانی پارە لە کوردستاندا هاوتەریبە لەگەڵ ستراتیژی بانکی ناوەندیی عێراق کە بۆ سەرجەم بانکەکانی عێراق دانراون.

فراوانبوونی پرۆژەی هەژماری من:

لەئێستادا پرۆژەی هەژماری من لە پارێزگاکانی سلێمانی و دهۆک لە قۆناغی جێبەجێکردندایە و لە ماوەی چەند هەفتەی ڕابردوودا نزیکەی ٤٠ هەزار مووچەخۆر هەژماریان بۆ کراوەتەوە، و قۆناغی یەکەمی گەڕانەوەی کارتی بانکیش بۆ فەرمانبەران لە هەردوو پارێزگاکە دەستی پێ کردووە.

ئامانجی پرۆژەی هەژماری من ئەوەیە بە هەماهەنگی و پەیوەندی لەگەڵ بانکی ناوەندیی عێراقی، تاوەکوو کۆتاییی ئەمساڵ یەک ملیۆن هەژماری بانکی بۆ مووچەخۆرانی کەرتی گشتی دروست بکرێت و مووچەکانیان لە ڕێگەی هەژماری بانکی وەربگرن.

١- ژمارەی بانکە بەشداربووەکانی پرۆژەکە بەردەوام لە زیادبووندایە.

٢- بەشداربووی پرۆژەی هەژماری من ئازادە لە هەڵبژاردنی بانکی دڵخوازی خۆی لەناو پرۆژەکە و گۆڕینی بانکێک بۆ بانکێکی تری ناو پرۆژەکە.

٣- هیچ کەس و لایەنێک ناتوانێت دەستکاری حسابی هیچ خاوەن هەژمارێک بکات، جگە لە خاوەنی هەژمارەکە خۆی نەبێت.

٤-هەموو فەرمانبەر و مووچەخۆرێک بەپێی قەبارەی مووچەکەی و ئەو ڕەسیدەی لەڕێی هەژمارەکەیەوە بەدەستی دەهێنێت سوودمەند دەبێت لە قەرز و پێشینەکان لەلایەن بانکە ئەهلییەکانەوە.

ڕاگەیاندنی وەزارەتی دارایی و ئابووری.
٢٠٢٤/٣/٢٦