Skip to the content

ڕوونکردنەوەیەک بۆ ڕای گشتی

وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە نووسراوی ژمارە (٢١٤٧/٤/٧ ) لە ڕێکەوتی ٢٠٢٤/٣/٥، بۆ دابینکردنی مووچەی هەموو مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان داوای بڕی ( ٩٤٩،٨١٣،١٤٦،١٧٠ ) دیناری عێراقی کردووە لە وەزارەتی دارایی عێراق لەسەر داوای خۆیان. بەڵام وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدرالی تەنها بڕی ٥٦٠،٢١٩ ملیار دیناری خستۆتە سەر هەژماری وەزارەتی داراییی هەرێم بۆ هەموو مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان کە دەکاتە تەنها ٥٩ ٪ کۆی شایستەکانیان و هێشتا ڕێکارەکانی وەرگرتنی پارەکە تەواو نەبووە و وەرنەگیراوە، بەو بڕە پارەیەش کە نێردراوە، نزیکەی ٣٩٠ ملیار دینار کورتهێنان هەیە و ئەمەش گرفتی گەورەی دارایی دروست دەکات.

جگە لە کەمی ئەو بڕە پارەیەی کە نێردراوە، بەپێی ئەو نووسراوانەی کە وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدرال دەری چواندوون، بۆ مانگی ئاداری ٢٠٢٤، هیچ تەمویلێکی حکومەتی هەرێم ناکرێت ئەگەر مووچەخۆران نشینکردنیان بۆ نەکرێت (توطين)، ئەمەش بەو ماوە کورتە ناکرێت و مووچەخۆرانمان بێبەش دەبن لەمافی خۆیان.
لێرەوە وەکوو وەزارەتی دارایی جەخت دەکەینەوە کە نابێت مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بێبەش بکرێن لە ماف و شایستەی داراییی خۆیان و داوا دەکەین وەزارەتی داراییی حکومەتی عێراق بە مەرجی تەعجیزی ئەو مافە لە هەرێمی کوردستان زەوت نەکات و ئەم پرسە بە سیاسی نەکرێت و بۆ مانگی سێ هیچ کۆت و بەندێک بۆ تەمویلکردنی مووچەخۆران دانەڕێژن، چونکە ئەمە مافی دەستوری و یاسایی مووچەخۆرانی هەرێمە.

وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان
٢٠٢٤/٣/١٢