سیستەمی ئەلیکترۆنی بەپێی پێوەر و ستانداردی نێودەوڵەتی جێبەجێ دەکرێت
ڕۆژی سێشەممە ٣٠ـی نیسانی ٢٠٢٤، بە ئامادەبوونی بەرپرسانی حکومەتی هەرێم و نوێنەرانی حکومەتی عێراقی فیدراڵ و بەرپرسانی ئیداری و نوێنەری کونسولخانەی وڵاتان لە هەرێمی کوردستان، کۆنفرانسی چالاککردن و جێبەجێکردنی پرۆژەی سیستەمی ئەلیکترۆنی (GPS) و ترانزێت لە دەروازە سنورییەکان بەڕێوە چوو.
ئامانج لە پرۆژەکە بۆ کۆنتڕۆلکردن و چاودێریکردنی جوڵەی بازرگانیی ترانزێتە، کە بەمزووانە لە عێراق و هەرێمی کوردستان جێبەجێ دەکرێت.
ناوەرۆکی کۆنفرانسەکە بریتی بوو لە دەستپێکردن و پەیڕەوکردنی سیستەمی ترانزێت لە عێراق و ھەرێمی کوردستان و پرۆسەی کۆنترۆل و چاودێریکردنی سیستەمەکە لە سەرجەم دەروازەکان و ڕێگەوبانەکانی ناو عێراق بە پێی سیستەمی (GPS) دەبێت و سەنتەری کۆنتڕۆل و چاودێریکردنەکە لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گومرگی ھەرێم دەبێت.
پرۆژەکە بە هاوبەشی لە نێوان بەڕێوبەرایەتیی گشتیی گومرگ لە وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان، بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گواستنەوەی زەمینی و هێڵی ئاسنی و تڕام لە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن لە دەروازە سنورییەکانی ئیبراهیم خەلیل، حاجی ئۆمەران، باشماخ و پەروێزخان، و فڕۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانی و سەرجەم دەروازە نێودەوڵەتییەکانی حکومەتی عێراقی فیدراڵ، بەپێی پێوەر و ستانداردی نێودەوڵەتی جێبەجێ دەکرێت.