وەزیری دارایی و ئابوورى لەگەڵ نوێنەری کارگەکانی ئاسن لە هەرێمی کوردستان کۆبووەوە
ڕۆژی یەکشەممە ٣ى تشرينى دووهمى ٢٠٢٤، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری، پێشوازی لە نوێنەری کارگەکانی بەرهەمهێنانی شیش و ئاسن لە هەرێمی کوردستان كرد.
لە دیدارەکەدا وەزیری دارایی و ئابوورى دوای ئەوەی گوێبیستی داواکاريی نوێنەری کارگەکان بوو، ڕایگەیاند دوای دەستبەکاربوونیان لە وەزارەت لە سەرەتای كابينهى نۆيهم، بەردەوام پشتیوان و هاوکاری کەرتی تایبەت بە گشتی و کەرتی پیشەسازی بوون، لەپێناو بنیادنانی ئابوورییەکی نیشتمانيی بەهێز لە هەرێمی کوردستان.
ئاوات شێخ جهناب جەختی لەوەش کردەوە لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا ڕێکكەوتنیان لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار لە حکومەتی فيدراڵ کردووە، بۆ کاراسانی زیاتر بۆ کارگەکانی هەرێمی کورستان، لە بواری باج و ئەستۆپاکی و دابینکردنی سووتەمەنی و کاراسانی بۆ ساخکردنەوەی بەرهەمەکانیان.
لای خۆشیانەوە نوێنەری کارگەکانی ئاسن و بەرهەمهێنانی شیش لە هەرێمی کوردستان، پشتیوانی و هاوکاریيەکانی وەزیری داراییان بەرز نرخاند، کە لە ماوەی ڕابردوودا بەردەوام لەسەر هێڵ بووە بۆ چارەسەری کێشەکانیان، لەوانە دانانی باج لەسەر بەرهەمی شیشی هاوردە و ڕێگری لە هێنانی شیش بە ڕێگهی
ناياسايى، داواشیان کرد وەزارەتی دارایی و ئابوورى هەماهەنگيی زیاتر لەگەڵ وەزارەتەکانی ديكه بکات بۆ پشتیوانيی زياتر لە بەرهەمی ناوخۆیی و بەرەوپێشبردنی کەرتی تایبەت.