Skip to the content

ڕاگەیەندراوێک لە وەزارەتی دارایی و ئابوورییەوە

ماوەیەکە پرسی بەبانکیکردن و پێدانی مووچە بە شێوەی ڕاستەوخۆ لەلایەن وەزارەتی داراییی حکومەتی فیدراڵەوە بە فەرمانگەکانی هەرێمی کوردستان، بە شێوەی جیاواز بووەتە بابەتی گفتوگۆ و چەندین لێکدانەوەی بۆ دەکرێت، بە پێویستمان زانی هەندێک بەرچاوڕوونی بۆ ڕای گشتی لەبارەی ئەم بابەتەوە بخەینە ڕوو:
١- پرسی دابەشکردن و سەرپەرشتیکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بە پێی پرەنسیپە گشتییەکانی سیستەمی فیدراڵی لە دەسەڵات و تایبەتمەندیی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستانە، دەستووری هەمیشەیی عێراق لە ماددەکانی ( ١١٦ ، ١١٧ ، ١١٨ ، ١١٩ ، ١٢٠ ، ١٢١ ) سەرجەم دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستانی دیاری کردووە بۆ بەڕێوەبردنی کاروبارەکانی هاووڵاتییانی خۆی.

٢- وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان تەنها لایەنی بەرپرس و تایبەتمەندە بۆ بەڕێوەبردنی هەموو مامەڵەیەکی دارایی و ژمێریاری لەگەڵ حکومەت و وەزارەتی داراییی فیدراڵ.

٣- بۆ ئاگەداری هەموو لایەک وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وەزارەتی داراییی حکومەتی فیدراڵ ڕێک كەوتوون تا کۆتاییی ئەمساڵ سەرجەم کێشە تەکنیکییەکانی لیستی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان چارەسەر بکەن، هەموو هەوڵێکی وەزارەتیشمان بە ئاراستەی دوورخستنەوەی بابەتی مووچەیە لە هەموو کێشە و ململانێیەکی سیاسی.

٤- ئەوەی پەیوەستە بە پرۆژەی هەژماری من، بەپێی کۆنووسی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران ژمارە (١١٣) لە ڕۆژی ( ٢٠٢٣/٨/٢ ) لە بڕگەی سێیەم، سەرجەم ئامادەبووانی کۆبوونەوەکە کە پێکهاتبوون لە سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و وەزیرەکان، بە کۆی دەنگی ئامادەبووان بڕیار لەسەر جێبەجێکردنی پرۆژەی هەژماری من درا و جەخت لەوە کرایەوە کە سەرجەم وەزارەتەکان پشتگیریی پرۆسەی بەدیجیتاڵیکردنی خزمەتگوزارییەکان و سەرخستنی پرۆژەی هەژماری من بکەن، کە ئەوەش دەبێتە بنەمایەک بۆ بنیاتنانی ژێرخانێکی بەهێزی دارایی و کاراکردنی سیستەمی بانکی لە هەرێمی کوردستان، کە دەبێتە هۆی زیاتری گەشەپێدانی ئابووری.

٥- بەپێی بڕیاری دادگای فیدراڵیی عێراق بە نووسراوی ژمارە ( ١١١/ت.ق / ٢٠٢٤/١٤٠٥ ) لە ڕێکەوتی ( ٢٠٢٤/٧/٣ ) هەموو ئەو بانکانەی بەشدارن لە پرۆژەی هەژماری من، مۆڵەتپێدراوی بانکی ناوەندیی عێراقن و سەرجەمیان لە پرۆسەی (توطين) بەبانکیکردنی مووچەی فەرمانبەرانی عێراق بەشدارن و هیچ کێشەیەکی یاسایی و تەکنیکی لەبەردەم ئەو بانکانەدا نییە تا پرۆسەی (توطین) بەبانکیکردنی مووچەی فەرمانبەران لە چوارچێوەی پرۆژەی هەژماری من ئەنجام بدەن.
شایەنی باسە تا ئێستا نزیکەی ( ٧٠٠،٠٠٠ ) فەرمانبەر و مووچەخۆر لە چوارچێوەی پرۆژەی هەژماری من ( توطین ) کراون و پرۆسەی بەبانکیکردنیان بۆ ئەنجام دراوە، یەکەم هەنگاوی پرۆژەی هەژماری من بریتییە لە (توطین) واتە بەبانکیکردنی مووچە، مانگی ڕابردووش نزیکەی ( ١٥٣ ) هەزار فەرمانبەر و مووچەخۆر لە ڕێی پرۆژەی هەژماری منەوە مووچەیان وەرگرتووە.
ڕاشیدەگەیەنین هیچ ڕێگرییەک نییە لەوەی بانکەکانی ڕەشید و ڕافیدەین یان هەر بانکێکی تر بەشدار بن لە پڕۆژەی هەژماری من (توطین) بە مەرجێک لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراقەوە ڕێگەپێدراو بێت و مەرجە هونەرییەکانی تێدا بێت.

لە کۆتاییدا پێویستە سەرجەم وەزارەت و دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێم بەردەوام بن لە جێبەجێکردنی پرۆژەی هەژماری من، بەپێی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی ئاماژەپێکراو، تا تەواوبوونی پرۆسەکە لە ساڵی (٢٠٢٥)دا، یان دەرچوونی بڕیارێکی تر.