وەزیری دارایی و ئابوورى پێشوازى لە نوێنەری زیندانیيانی سیاسی و ڕزگاربووانی شاڵاوەکانی ئەنفال كرد
ڕۆژی سێشەممە ١٠ى ئهيلوولى ٢٠٢٤، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری پێشوازی لە نوێنەری زیندانیيانی سیاسی و ڕزگاربووانی شاڵاوەکانی ئەنفال كرد.
لە دیدارەكەدا وەزیری دارایی و ئابوورى لە نزیکەوە گوێبیستی داواکاریيەکانیان بوو، دوایين هەنگاوەکانی وەزارەتی دارایی، تايبهت به ناردنی دۆسیەکانیان بۆ وەزارەتی دارایيی عێراق بۆ ڕوون كردنهوه، بە مەبەستی تەرخانکردنی بودجە بۆ دابینکردنی مینحەی مانگانە، گوتيشى: لە نزیکترین کاتدا کارەکانیان لە وەزارەتی دارایی و ئابووريى ههرێم تەواو دەبێت و نووسراو بۆ وەزارەتی دارایيی فیدراڵ دهكهن.
ههروهها وهزيرى دارايى و ئابوورى ڕایگەیاند وەک پشتیوان و داکۆکیکارێکی سەرسەختی زیندانیيانی سیاسی و ڕزگاربووانی شاڵاوەکانی ئەنفال، لەگەڵ سەرۆکایەتيی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوان لە پەیوەندیدا دەبن و ئەوەی لە توانای حکومەتی هەرێمدا بێت بۆ خزمەتکردنیان، درێغی ناکەن.
لای خۆشیانەوە نوێنەرانی زیندانیيانی سیاسی و ڕزگاربووانی شاڵاوەکانی ئەنفال سوپاسی وەزیری داراییان کرد، کە هەمیشە دەرگهی بە ڕوویاندا کراوە بووە و خۆی بە پارێزەر و خەمخۆری دۆسیەکانیان زانیوە، هیوایان خواست لە گفتوگۆکانی هەموارکردنەوەی خشتەکانی یاسای بودجە بۆ ساڵی داهاتوو، بتوانن بهشى پێویست بۆ دابینکردنی مینحەی مانگانە جێگیر بکەن.