Skip to the content

ڕاگەیەندراوی کۆبوونەوەی هاوبەشی ئەنجومەنی وەزاری بۆ ئابووری و ئەنجومەنی ئابووريی هەرێمی کوردستان

ئەنجومەنی وەزاری بۆ ئابووری لە ماوەی دوو ڕۆژدا، کۆبوونەوەی ئاسایيی بیست و هەشتەمینی خۆی لەگەڵ ئەنجومەنی ئابووريی هەرێمی کوردستان لە شاری هەولێر سازکرد.
لە ماوەی دوو ڕۆژی کۆبوونەوەکاندا، کۆمەڵێک بابەتی جێی بایەخی نێوان حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە کەشێکی ڕاشکاوانە و ئەرێنیدا تاووتوێ کران، کە هەندێکیان بڕیاری هەنووکەییان لەبارەوە درا و ئەوانی ديكه‌ش ڕاسپاردە ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیرانی فیدرال کرا، و جەخت لە بەردەوامبوونی گفتوگۆکان كرا، بۆ چارەسەرکردنی ئەو پرسانەی کە پێویستیان بە کۆبوونەوە و دیداری زیاتر هەیە.
ئەنجومەنی وەزاری بۆ ئابووری بڕیاری دا بە پێشکەشکردنی ڕاسپاردەیەک بۆ ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵ، بۆ ئاراستەکردنی وەزارەتی دارایيی فیدراڵ، بۆ چارەسەرکردن و ناردنی مووچە ڕاگیراوەکانی هەرێم، ئەوانەی بە هۆی تەواونەکردنی بایۆمەتری دوور خرابوونەوە.
هەروەها گفتوگۆ لەبارەی هەندێک پرسی پەیوەندیدار بە ڕۆژنامەی کشتوکاڵی، مۆڵەتی هەناردە و هاوردەکردن، مۆڵەتی کارگەکان، تۆمارکردنی کۆمپانیاکان، پۆلێنکردنی بەڵێندەران، دەروازە سنوورییەکان، گومرگ، دۆسيەی نەوت و وزە و کەرتی بانکی کرا.
ڕاسپاردەیەکی دیکەی ئەنجومەنی وەزاری بۆ ئابووری، بەردەوامبوونی کارکردنی لیژنە هاوبەشەکانی نێوان وەزارەت و کەرتە پەیوەندیدارەکانە، بۆ تەواوکردنی ئەو ئەرکانەی پێیان سپێردراوە، لەپێناو گەیشتن بە لەیەکتێگەیشتنی هاوبەش کە لە بەرژەوەنديی هەموو هاووڵاتییانی عێراقدا بێت.
هەروەها ئەنجومەنی وەزاری پێشنیاری ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەکی تایبەت و لە ئاستێکی باڵادا دەکات، بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی دۆسیەکانى نەوت و وزە و دەروازە سنوورییەکان و گومرگ.
لە کۆتاییدا بانگهێشتی ئەنجومەنی ئابووريی هەرێمی کوردستان کرا، بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەکی هاوبەش لەگەڵ ئەنجومەنی وەزاری بۆ ئابووری، لە شاری بەغدا.