وەزیری دارایی و ئابوورى پێشوازی لە بەڕێوەبەرى بەشێک لە بانکەکانی سنووری پارێزگهی هەولێر كرد

ڕۆژی یەکشەممە ٦ نیسانی ٢٠٢٥، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری، پێشوازی لە بەڕێوەبەری بەشێک لە بانکەکانی سنووری پارێزگهی هەولێر كرد. لە دیدارێکدا کە محەمەد ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتيی بانکە بازرگانییەکان ئامادەی بوو، وەزیری دارایی و ئابوورى وێڕای پیرۆزبایيی جەژنی ڕەمەزان، سوپاس و پێزانینی ئاراستەی سەرجەم بانکەکان کرد کە لە ماوەیەکی کەمدا توانییان مووچەی مانگی ئاداری فەرمانبەران و مووچەخۆران بەبێ کێشە و گرفت دابەش بکەن.
لە بەشێکی ديكهى دیدارەکەدا تیشک خرایە سەر هەنگاوەکانی وەزارەت بۆ چاکسازی و ڕێکخستنەوەی بانکەکان لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان و ئاوات شێخ جهناب ڕایگەیاند: لە ڕێگهی بەرەوپێشبردنی سیستەمی بانکییەوە، لە ئايیندەیەکی نزیکدا کێشەکانی بەردەم شێوازی دابەشکردنی مووچە بەتەواوی چارەسەر دەبن، لەلایەکی ترەوە داوای لە بەڕێوەبەری بانکەکان کرد، لە چوارچێوەی ئەو ڕێنمایی و دەسەڵاتانهی پێیان دراوە کاراسانيی تەواو بۆ ڕاییکردنی مامەڵەی هاووڵاتیيان و فەرمانگەکان و کۆمپانیاکان و بەڵێندەران بکەن.
لای خۆشیانەوە بەڕێوەبەری گشتيی بانکە بازرگانییەکان و بەڕێوەبەری بانکەکانی سنووری پارێزگهی هەولێر سوپاسی وەزیری داراییان کرد کە بە درێژایيی چەند ساڵی ڕابردوو، هەمیشە پشتیوان و هاوکاریان بووە و هەر پێداویستییەک لە خزمەت بەرەوپێشچوونی ژێرخانی بانکەکان بووبێت ڕەزامەندی لەسەر داوە.