وەزیری دارایی و ئابوورى بەدواداچوون بۆ چۆنیيەتی ڕاییکردنی مامەڵەی خانەنشینان دەکات
			
		ڕۆژی سێشەممە ١٨ ی شوباتی ٢٠٢٥، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری، بە یاوەری شاندێکی وەزارەت، سەردانی بەڕێوەبەرایەتيی گشتيی خانەنشینی کرد و لە چۆنیيەتی بەڕێوەچوونی ئیشوکارەکانی کۆڵیەوە. 
لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ بەڕێوەبەری گشتيی خانەنشین و بەرپرسانی بەڕێوەبەرایەتیيەکە، ئاوات شێخ جهناب جەختی لەسەر زوو ڕاییکردنی مامەڵەی خانەنشینان کردەوە و چەند بڕیارێکی پێویستی لەوبارەیەوە دەرکرد کە بریتی بوون لە: 
١- چالاککرن و بەرەوپێشبردنی سیستەمی ئەلکترۆنيی کاروباری خانەنشینان و دابینکردنی پێداویستیەکان لە ماوەیەکی کورتدا. 
٢- دابەزاندنی دەسەڵاتی پێویست بۆ بەڕێوەبەرایەتیيەکانی خانەنشین لەسەر ئاستی پارێزگه و قەزا و شار و شارۆچکەکان. 
٣- ڕەوانەکردنی فەرمانبەران لە بەڕێوەبەرایەتیيەکانی وەزارەتی داراییەوە بۆ بەڕێوەبەرایەتیيەکانی خانەنشین بەپێی پێویست، تا کاتی تەواوبوونی مامەڵەی ئەو خانەنشینانەی سەرەتای ئەمساڵ بڕیاری خانەنشینبوونیان بۆ دەرچووە. 
لە بەشێکی ديكهى کۆبوونەوەکەدا وەزیری دارایی و ئابوورى گوێبیستی کێشە و داواکاریيەکانی بەرپرسانی خانەنشین بوو و بڕیاری دا سەرجەم پێداویستیيەکانیان بۆ دابین بکات و لە کۆتایشدا داوای لە بەڕێوەبەر و بەرپرسانی خانەنشین کرد لەگەڵ هەموو وەزارەت و فەرمانگەکان هەوڵەکانیان چڕ بکەنەوە، بۆ ئەوەی بەزووترین کات مامەڵەی خانەنشینان تەواو بکرێت و ماف و شایستەکانیان پێ بدرێت.