Skip to the content

شاندی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ لەسەر شایستەی مووچەخۆرانی هەرێم گەیشتنە ڕێککەوتن

وه‌زاره‌تى دارايى و ئابووريى هه‌رێمى كوردستان ڕايده‌گه‌يه‌نێت: دوای ١٥ ڕۆژ کاری بەردەوام لە نێوان شاندە تەکنیکیيەکانی وەزارەتی دارایيی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی دارایيی فیدراڵ، بۆ چارەسەرکردنی کێشە تەکنیکیيەکان و جێبەجێکردنی داواکاریيەکان و ئامادەکردنی خشتەکان لەبارەی لیستی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان و هێزە سەربازی و ئەمنیيەکان و سوودمەندانی چاودێريی کۆمەڵایەتی، دواجار تواندرا هەردوولا لەسەر شایستەکانی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی ٢٠٢٥ بگەنە ڕێکكەوتنی کۆتایی.
هاوکات لە کۆبوونەوەیەکدا کە ڕۆژی دووشەممە ٣ی شوباتی ٢٠٢٥، لە بینای ئەنجومەنی ئابووريی عێراق بەڕێوەچوو، شاندی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتيی ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری و ئامادەبوونی هەریەک لە دکتۆر ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران و دکتۆر ئامانج ڕەحیم، سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران و دکتۆر عەبدولحەکیم خەسرەو، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون و فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتيی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا و خالید هادی چاوشلی، ڕاوێژکار لە ئەنجومەنی وەزیران بەڕێوه‌چوو، شاندی هەرێمی کوردستان سوپاسی هەوڵەکانی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و دکتۆر فواد حسێن، جێگری سەرۆکوەزیرانی عێراق و تەیف سامی، وەزیری دارایيی حکومەتی فیدراڵ و تیمە هونەریيەکانی وەزارەتیان کرد کە هاوکار و هەماهەنگ و پشتیوان بوون، بۆ ئەوەی لەسەر شایستەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی ٢٠٢٥ بگەنە ڕێكکەوتن.
لەلایەکی ديكه‌وه‌ شاندی هەرێمی کوردستان سوپاسی دەستەی سەرۆکایەتيی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و فراکسیۆنە جیاوازەکانی ناو پەرلەمانی عێراقیان کرد، کە هاوکار و پشتیوان بوون بۆ پەسەندکردنی هەمواری یاسای بودجە، بە تایبەت بڕگەی تایبەت بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان.
تیمە تەکنیکیيەکانی وەزارەتی دارایی و ئابووريى هەرێمی کوردستان سەرقاڵی تەواوکردنی ڕێکارەکانی ناردنی تەمویلی مووچەی مانگی یەکی ساڵی ٢٠٢٥ن و چاوەڕوان دەکرێت لە نزیکترین کاتدا تەمویلەکە بخرێتە سەر هەژماری بانکيی وەزارەتی دارایی و ئابووريى هەرێمی کوردستان و بە گەیشتنی تەمویلەکە، ڕاستەوخۆ دەست بە دابەشکردنی مووچە دەکرێت.
شایانی باسە شاندی دانووستانکاری هەرێمی کوردستان لە تەواوی کۆبوونەوەکان ئامادەیيی خۆیان بۆ بەردەوامیدان بە جێبەجێکردنی ئەو پابەندییانە دووپات کردەوە کە دەکەوێتە سەر هەرێمی کوردستان، ئەوەش لەپێناو ئەوەی کێشەکانی ساڵی ڕابردوو لە باره‌ى لیستی مووچە و خشتەکان و تەمویل و تەرخانکردن و پابەندییەکانی هەرێمى كوردستان دووبارە نەبنەوە و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانيش وەک تەواوی مووچەخۆرانی ناوچەکانی ديكه‌ى عێراق لە کاتی خۆیدا و بەبێ کێشە مووچەکانیان بە تەواوی وەربگرن.

ڕاگەیاندنی وەزارەتی دارایی و ئابووری.
٣ی شوباتی ٢٠٢٥.