وەزیری دارایی و ئابوورى: هەمیشە پشتیوانی داواکاریيەکانی فەرمانبەرانی گرێبەست بووین

ڕۆژی یەکشەممە ٢٣ی شوباتی ٢٠٢٥، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری پێشوازی لە نوێنەرانی بەشێک لە فەرمانبەرانی گرێبەستی دامەزراوی پەرەپێدان كرد، کە لە وەزارەتی تەندروستی كار دەکەن و مووچەیان لەسەر داهاتی ناوخۆیە.
لە دیدارێکدا وەزیری دارایی و ئابوورى گوێبیستی داواکاریيەکانیان بوو، پشتیوانيی وهزارهتى بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانیان دووپات کردەوە و ڕایگەیاند: لە گفتوگۆکانیان لەگەڵ وەزارەتی دارایيی عێراق داوای زیادکردنی میلاک و تەرخانی داراییان بۆ فەرمانبەرانی گرێبەست کردووە و چاوەڕوانن لە داهاتوویەکی نزیکدا لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ لەسەر ئەو بابەتانە بگەن بە چارەسەرێکی گونجاو.
سەبارەت بە گۆڕینی ناونیشانی ئەو فەرمانبەرانە لە گرێبەستی پەرەپێدانەوە بۆ گرێبەستی ئاسایی لەسەر وەزارەتی دارایی و ئابوورى، ئاوات شێخ جەناب ڕایگەیاند: وەک وەزارەتی دارایی ڕەزامەندین لەسەر گۆڕینی ناونیشانەکانیان لە گرێبەستی پەرەپێدانەوە بۆ گرێبەستی ئاسایی.