Skip to the content

وەزیری دارایی و ئابوورى پێشوازی لە تیمی هاوبەشی دیوانی چاودێريی دارایيی عێراق و هەرێمی کوردستان كرد

ڕۆژی یەکشەممە ١٦ی شوباتی ٢٠٢٥، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری پێشوازی لە تیمی هاوبەشی دیوانی چاودێريی دارایيی عێراق و هەرێمی کوردستان كرد، کە پێکهاتبوون لە فەریق سلێمان، بەڕێوەبەری گشتيی دیوانی چاودێريی دارایيی هەرێمی کوردستان و حەیدەر خالخال و دکتۆر عەلی خضیر بەڕێوەبەری گشتيی لە دیوانی چاودێريی دارایيی حکومەتی فیدراڵ.
لە دیدارەکەدا گفتوگۆ لەسەر بەرنامەی کاری تیمە هاوبەشەکان کرا، کە بڕیارە ڕاپۆرتێک لەسەر خەرجی و داهاتی شەش مانگی کۆتایيی ساڵی ڕابردووی هەرێمی کوردستان، لەسەر بنەمای ڕاپۆرتەکانی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگانە ئامادە بکەن.
وەزیری دارایی و ئابووری ئامادەیيی وەزارەت و سەرجەم بەڕێوەبەرایەتیيەکانی، بۆ سەرخستنی کارەکانیان دووپات کردەوە و ڕایگەیاند: دەرگای وەزارەت و دامەزراوەکان بەردەوام کراوەن بۆ تیمەکان، تا بتوانن لە نزیکترین کاتدا ڕاپۆرتی خۆیان ئامادە بکەن.
لای خۆشیانەوە تیمی هاوبەشی دیوانی چاودێريی دارایی سوپاسی پشتیوانی و هەماهەنگیيەکانی وەزیری داراییان کرد، کە هەمیشە هاوکار بووە لە ماوەی ڕابردوودا بۆ ئەوەی کارەکان بە باشی بەڕێوە بچن.